سەرۆك ئەركانی پێشووی سوپای توركیا ئازادكرا

 سەرۆك ئەركانی پێشووی سوپای توركیا ئازادكرا
سەرۆك ئەركانی پێشووی سوپای توركیا ئیلكەر باشبو‌غ بە بڕیاری دادگای تاوانی ژمارە 20ی ئیستەنبوڵ دوای 26 مانگ دەستبەسەری، ئازادكرا.

دوابەدوای بڕیاری دادگای دەستووری توركیا سەبارەت بە بوونی پێشێلكاری لە پرۆسەی دادگاییكردنی، ئیلكەر باشبوغ بە بڕیاری دادگای تاوانی ژمارە 20 لە ئیستەنبول ئازادكرا.

ئیلكەر باشبوغ لەكاتی دەرچو‌ونی لە بەندیخانەی سیلیڤری لە ئیستەنبوڵ لەلایەن گرووپێكی 200 كەسی لە پشتیوانەكانی پێشوازی لێكرا و وتەیەكی پێشكەشی دەزگاكانی راگەیاندن كردو گوتی: "رۆژی 6-1-2012 كاتێك دەستبەسەر كرام پێم گووتن كە 26ەمین سەرۆكی ئەركانی سوپای توركیا بە تۆمەتی دامەزراندن و بەڕێوەبردنی رێكخراوی تیرۆریستی دەستبەسەر كراوە و من بڕیاڕدان بەجێدەهێڵم بۆ گەلی توركیا".

گوتیشی "ئەوا 2 ساڵ و 2 مانگ تێپەڕی بەسەر ئەو رۆژەدا، 26 مانگیان لە تەمەنی من سەندەوە، بەڵام هەروەك ئەو رۆژە گوتم كە بڕیار بۆ گەلی توركیایە، گەلی توركیا زوو راستییەكە تێگەشتن كە ئەم تۆمەتانە بێبنەمان و سوپاو سەرۆكی ئەركانەكەی ناكرێت تۆمەتبار بكرێن بە ئەنجامدانی تیرۆر. ئەگەر من ئەمڕۆ ئازاد بم ئەمە لە ئەنجامی هاوسۆزی و پشتیوانی گەلەكەم هاتووەتە بەرهەم."

لە درێژەی وتەكەیدا ئیلكەر باشبوغ باسی لە دادگاكانی توركیا كرد و گوتی: "تەنها دادگای دەستووری لە توركیا متمانەی ماوە و لەم كاتە مێژووییەدا ئەركێكی زۆر گەورەی لەسەر شانە". هەروەك هیوای خواست كە بەندكراوەكانی دیكەی دۆسیەی ئەرگەنەكۆن بە زووترین كات ئازاد بكرێن.

ئیلكەر باشبوغ 26ەمین سەرۆكی ئەركانی سووپای توركیا بوو و لە رۆژی 6-1-2012 بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی ئەرگەنەكۆن دەستبەسەر و دادگایی كرا.











رووداو
Top