جۆن کێری: گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا لەبارەی ئۆکراینا درێژەی دەبێت

 جۆن کێری: گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا لەبارەی ئۆکراینا درێژەی دەبێت
جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە بە یاوەری هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی لە پاریس، لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لەسەر قەیرانەکانی ئۆکراینا کۆبووەوە، رایگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی گفتوگۆکان هەستیاربوون، بەڵام لە چەند رۆژی داهاتوودا درێژەیان دەبێت."

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیاش لە دوای کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممە 5-3-2014 و لەکاتی دەرچوونی لە پاریس، گوتی: "هەموو ئامادەبووان لە دانیشتنەکەدا، نیگەرانی بارودۆخەکەبوون و رێککەوتن لەسەر ئەوەی گفتوگۆکان درێژەیان هەبێت."

بڕیارە ئەمڕۆ گفتوگۆکان لە رۆمای پایتەختی ئیتالیا درێژەی هەبێت و دەرەنجامی گفتوگۆکانی دوێنێ گەیەنراوەتە هەریەکە لە باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا.

نوێنەری وڵاتانی ئەمریکا، رووسیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەڕەنسا لە کۆبوونەوەکەی دوێنی پاریس ئامادەبوون.

هەروەها یەکێتی ئەوروپا سەرمایەی 18 بەرپرسی پێشووی ئۆکراینای راگرت، بە هۆی ئەوەی دەستیان هەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی مەیدانی "سەربەخۆیی" لە کیێڤ.

هەروەها کۆشکی سپی رۆژی سێشەممە بڕیاری دا، یارمەتییەکی یەک ملیار دۆلاری بداتە ئۆکراینا، کە پێشتر وەزیری دارایی ئۆکراینا رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی پێویستی بە 35 ملیار دۆلارە تاوەکو لە هەرەسهێنانی ئابووری رزگاری بێت.

لەدوای دەستپێکردنی شۆڕشی جەماوەری لە ئۆکراینا و بە جێهێشتنی سەرۆکی ئەو وڵاتە و پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی، رووسیا دەستی بەسەر ناوچەی کریمیا لە ئۆکراینا گرتووە و ئەوەش ناڕەزایەتییەکی نیودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە.












رووداو
Top