سعوودیە، ئیمارات و بەحرێن، نوێنەرایەتییان لە قەتەر كێشایەوە

 سعوودیە، ئیمارات و بەحرێن، نوێنەرایەتییان لە قەتەر كێشایەوە
سعوودیە، ئیمارات و بەحرێن، لە بەیاننامەیەكیاندا ڕایانگەیاند كە نوێنەایەتییان لە قەتەر كێشایەوە، بەو هۆیەوەی كە قەتەر نەیتوانیوە لە پرسی دەستوەردانە كاروباری نێوخۆی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی هاریكاریی عەرەبی پابەندی ڕێككەوتنەكان بێت.

ئەو بەیاننامە هاوبەشەی ئەو سێ وڵاتەی كەنداو بە هەنگاوێك ناو دەبرێت كە لە سێ دەیەی مێژووی ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداودا وێنەی نەبووبێت.

ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو لە ئەندامەتیی وڵاتانی سعوودیە، بەحرێن، كوێت، قەتەر، ئیمارات و عومان پێك دێت.

وەك ئەوەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە، قەتەر هاوكاریی گرووپە ئیسلامییەكان لە میسر و سووریا و وڵاتانی دیكە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات؛ هەندێكی وڵاتانی كەنداویش وای دەبینن كە ئەو گرووپانە دژایەتیی ئاشكرایان دەكات.

بەیاننامەكەی وڵاتانی هاریكاریی كەنداوی عەرەبی لە 23ـی نۆڤەمبەردا ۆێككەوتن لەسەر ئەوەی كە، پشتیوانیی هەر یەكێك نەكەن كە هەڕشە بێت بەسەر ئاسایش و سقامگیریی وڵاتانی كەنداو، جا لە ڕێكخراو و كەسایەتییەكان بێ و هاریكارییەكە لە ڕێگەی كاری ئەمنیی ڕاستەوخۆ بێت یانیش لە ڕێی كاریگەریی سیاسییەوە بێت یاخود پشتیوانیی مێدیای دژبەرەوە بێت.

بەیاننامەكە ئاماژەیشی داوە كە، وەزیرانی وڵاتانی كەنداو سێشەممە لە ڕیاز كۆ بوونەتەوە و هەوڵیان داوە قەتەر پاربەندی بەرجەستەكردنی ئەو ڕێككەوتننامەیە بێت. هەروەها هاتووە "هەموو هەوڵەكان لەم پێناوەدا بێئاكام بوون لەوەی كە قەتەر وابەستەی ڕێككەوتنەكەیان بێت و ئەمەیش وای كرد كە ئەم سێ وڵاتە ئەو هەنگاوە بگرنە بەر كە بە گونجاوی دەبینن، ئەمەیش لەپێناو پارێزگاری لە ئاسایش و سەقامگیرییان و لەمڕۆیشەوە باڵیۆزانیان لە قەتەر دەكێشنەوە.
Top