باڵیۆزى ئۆكراینا: رووسیا 16 هه‌زار سه‌ربازى ڕه‌وانه‌ى ناوچه‌ى قه‌رم كردووه‌

 باڵیۆزى ئۆكراینا: رووسیا 16 هه‌زار سه‌ربازى ڕه‌وانه‌ى ناوچه‌ى قه‌رم كردووه‌
هه‌نگاوه‌ سه‌ربازییه‌كانى رووسیا كه‌ وه‌ك ده‌ستتێوه‌ردانێك بۆ ناوكاروبارى ئۆكراینا له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت، له‌لایه‌ن حكوومه‌تى تازه‌ى كاتى ئۆكرانیاوه‌ پشتڕاست كرایه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش توڕه‌بوونى ئه‌مه‌ریكاى له‌ رووسیا لێكه‌وته‌وه‌ و هه‌روه‌ها بچراندنى په‌یوه‌ندییه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ رووسیا به‌ دواى خۆشیدا هێنا.


یورى سێرگیێڤ باڵیۆزى ئۆكراینا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ وته‌یه‌كدا له‌ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى باسى له‌ ناردنى هێزى سه‌ربازى رووسیا بۆ ناوچه‌ى قه‌ره‌م كرد و رایگه‌یاند: هه‌فته‌ى رابردوو رووسیا نزیكه‌ى 16 هه‌زار سه‌ربازى ڕه‌وانه‌ى ناوچه‌ى قه‌ره‌مى ئۆكراینا كردووه‌ به‌ گوته‌ى سێرگیێڤ، له‌ نێو ئه‌و هێزه‌ سه‌ربازییه‌، رووسیا كه‌شتى جه‌نگى و فرۆك و هێلیكۆپه‌ته‌رى سه‌ربازى ڕه‌وانه‌ى ناوچه‌ى قه‌رم كردوو و له‌ ئێستاشدا له‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌و هێزانه‌ى رووسیا جێگرن.

پێشتریش ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى كۆبوونه‌ویه‌كى به‌ په‌له‌ و له‌ ناوكاوى له‌ باره‌ى ده‌ستتێوه‌ردانه‌كانى رووسیا بۆ ناو كاروبارى ئۆكراینا ساز كرد.

هه‌ر له‌ نیۆیۆرك و دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى، ڤیتالى چۆركین باڵیۆزى رووسیا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا ئه‌وه‌ى ئاشكرا كرد، كه‌ به‌ر له‌ هه‌ڵهاتنى له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆكایه‌تى ئۆكراینا، ڤیكتۆر یانۆكۆڤیچ نامه‌یه‌كى ئاراسته‌ى فلادیمیر پوتن كرد كه‌ تێدا داواى ده‌ستتێوه‌ردانى سه‌ربازى رووسیا بۆ ناو كاروبارى ئۆكراینا كرد بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى دووباره‌ یاسا و سیسته‌مى حكمڕانى كۆنترۆڵ بكرێته‌وه‌. چۆركین ئه‌وه‌شى بۆ رۆژنامه‌وانان گوت: كه‌ ئه‌و نامه‌یه‌ى یانۆكۆكڤیچ ئۆكرایناى خسته‌ ناو گێژاوى ئاژاوه‌ گێرى.

باڵیۆزه‌كه‌ى رووسیا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه‌، كه‌ له‌ ژێر كاریگه‌رى وڵاتانى رۆژئاوا به‌ شێوه‌یه‌كى روون كاره‌ تیرۆریستى و تووندوتیژییه‌كان له‌ ناو ئۆكراینا روویدا كه‌ ئه‌مه‌ش ئاسایش و سه‌قامگیرى رووسیاى خسته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ بۆیه‌ باڵیۆزه‌كه‌ى رووسیا گوتى: به‌ هۆى مه‌ترسى بۆ سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیرى رووسیا، هێزى سه‌ربازى ڕه‌وانه‌ى ئۆكراینا كراوه‌.

هاوكات له‌ واشنتۆنیش باراك ئۆباما سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا ده‌ستتێوه‌ردانه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ى رووسیا بۆ ناو ئۆكراینا به‌ پێشێلكارى یاساى نێوده‌وڵه‌تى له‌ قه‌ڵه‌م دا و رایگه‌یاند: ئیداره‌كه‌ى به‌ وردى سه‌پاندنى زنجیره‌یه‌ك سزاى ئابوورى و دیبلۆماتى بۆ سه‌ر رووسیا تاوتوێ ده‌كات و ئۆباما به‌ دووریشى نه‌زانى، به‌ هۆى ئه‌و ده‌ستتێوه‌ردانه‌ سه‌ربازییه‌ بۆ ناو ئۆكراینا، رووسیا له‌ رووى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ په‌راوێز بخرێت.

له‌ ئه‌نجوومه‌نى پیرانى ئه‌مه‌ریكاش رۆبه‌رت منندیز سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پیران رایگه‌یاند: له‌ ئێستادا یاساناسانى ئه‌مه‌ریكا خه‌ریكى ئاماده‌كردنى پرۆژه‌یه‌كى یاسایین كه‌ خۆى له‌ پاڵپشتى و پشتیوانى حكوومه‌تى ئۆكراینا ده‌بینێته‌وه‌ هه‌روه‌ها منندیز گوتیشى: ده‌ستتێوه‌ردانه‌ سه‌ربازییه‌كانى رووسیا بۆ ناو ئۆكراینا، پێشێلكارییه‌كى روون و ئاشكرایه‌ یاسایى نێوده‌وڵه‌تییه‌ و ده‌بێت وه‌ڵامێكى به‌ په‌له‌ و هه‌مانگى نێوده‌وڵه‌تى بۆ رووسیا ئاماده‌ بكرێت و سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پیران به‌ پێویستشى زانى كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى هاوكارى و یارمه‌تى پێویست وه‌ك پاڵپشتى و پشتیوانى حكوومه‌تى ئۆكراینا بكات.

هاوكات جۆن كێریى گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند: واشنتۆن هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌ سه‌ربازییه‌كانى له‌گه‌ڵ رووسیادا ده‌بچرێنێت به‌ هۆى ده‌ستتێوه‌ردانه‌كانى بۆ ناو ئۆكراینا به‌ گوته‌ى كێربى، یه‌كێك له‌و په‌یوه‌ندییه‌ سه‌ربازییانه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ رووسیادا ده‌یبچرێنێت، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى گشت مانۆره‌ سه‌ربازییه‌كانى نێوان واشنتۆن و مۆسكۆیه‌.

گوته‌بێژه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، تاكه‌ رێگا بۆ نه‌بچراندنى په‌یوه‌ندییه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ رووسیا ئه‌وه‌یه‌، ده‌بێت مۆسكۆ گشت ئه‌و هێزه‌ سه‌ربازییه‌ كه‌ ڕه‌وانه‌ى ناوچه‌ى قه‌رمى كردووه‌ بگه‌ڕێنته‌وه‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ رووسیا.









ktv
Top