ئیسرائیل.. خوێندنی تەورات بەبێ چوونە سەربازی، سزای هەیە
زیاتر لە 300 هەزار جوولەكە بۆ نیشاندانی ناڕەزایی، لە شاری ئۆڕشەلیم " قودس" هاتنەسەر شەقامەكان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە پلانی نوێی حكومەتی ئیسرائیل، كە تێیدا بڕیاردەدرێت دەبێت هەموو كەسێك بەبێ گوێدانە ئەركە ئایینییەكەی، ناوی بۆ خزمەتی سەربازی بنووسرێت و لەکاتی سەرپێچیکردنی ئەم بڕیارە، تووشی سزای یاسایی دەبنەوە.
خۆپێشاندانەكەی جوولەكە ئەڵترا ئۆرسۆدۆكسەكان یان جووە زۆر بە دینەكان، بە شێوەیەكی هێمنانە بەڕێوەچوو و زۆربەی ئەو كەسانەش، كە بەشداری خۆپێشاندانەكەبوون، كارەكەیان بە جەنگێكی كولتووری وەسفكرد و رایانگەیاند، كە ئەمە گەورەترین رووداوە، كە رووبەڕووی كۆمەڵگای ئیسرائیل دەبێتەوە.
ئەلترا ئۆرسۆدۆكسەكان، كە بە "حەردیم" ناسراون، بۆ ماوەی چەندین دەیە لە ئەنجامدانی خزمەتی سەربازی دەبەخشران، ئەگەر ناویان لە یاشیڤا (خوێندنی ئایینی) تۆماركردبووایە و هەموو كاتەكانی خۆیان لە خوێندنی تەورات بەسەر بردبووایە، بەڵام بەهۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو كەسانەی، كە تەمەنیان لە 18 ساڵ بەرەوسەرەوەیە لەو خوێندنگە ئایینیانە، كاریگەری کردووەتە سەر لاوازبوونی هێزی ئابووری و سەربازی وڵات، بۆیە لە پلانی حكومەتدایە ئەوانیش بخاتە ریزی ئەو كەسانەی، كە دەبێت خزمەتی سەربازی بكەن.
گوتەبێژی خۆپیشاندەرەکان، حكومەتی ئیسرائیلی تۆمەتباركرد و گوتی، "حكومەت بەنیازە ئیسرائیل بكاتە تاكە وڵاتێك لە جیهان، كە تێیدا جوولەكەكان بەهۆی خوێندنی تەوارتەوە زیندانی دەكرێن".
رووداو