توركیا.. لەمەودوا خوێندن و بانگەشەكردن بە زمانی كوردی یاساییە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە پەرلەمانی توركیا رەشنووسی پرۆژەیاسای فراوانكردنی ماف و ئازادییەكانی ناسراو بە "پاكێجی دیموكراسی" پەسند كرد، بەپێی ئەو یاسایە هەر حیزبێكی سیاسی بەپێی پەیڕەوی نێوخۆییەكەی بۆی هەیە سیستمی هاوسەرۆكایەتی پەیڕەو بكات، بە مەرجێك هاوسەرۆكەكان لە 2 كەس زیاتر نەبن، تاوەكو ئێستاش تەنیا پارتی ئاشتی و دیموكراسی BDP كە حیزبێكی كوردییە پەیڕەوی لە سیستمی هاوسەرۆكایەتی كردووە.
پێشووتر مەرجی هاوكارییەكانی دەوڵەت بۆ پارتە سیاسییەكان وابەستەی بەدەستهێنانی رێژەی 7% ی دەنگەكان كرابوو، بەمەش بەشێك لە حیزبە سیاسییەكان لە هاوكاری دەوڵەت بێبەش دەبوون، بەڵام بەپێی ئەو هەموارەی لە رێگەی پاكێجی دیموكراسییەوە كراوە بەدەستهێنانی رێژەی 3%ی دەنگەكان بەسە بۆ ئەوەی حیزبەكان هاوكاری بكرێن.
بەپێی پاكجێكی دیموكراسی مافی گردبوونەوە و خۆپێشاندان لە مەیدان و شوێنە گشتییەكان رێكدەخرێن، دوای ئەوەی رای سەرۆكی شارەوانییەكان، حیزبە سیاسییەكان، رێكخراوە پیشەیی و سەندیكاكان وەردەگیرێ و ئاگاداری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە رۆژنامە و والی و قایمقامیەتەكان هەڵدەواسرێ، بەڵام بەر لەوەی خۆر ئاوابێ، دەبێ بڵاوەی لێبكەن.
پاكێجی دیموكراسی لە 30/9/2013 لەلایەن رەجەب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیاوە راگەیەنرا، كە چەند مافێكی لە رووی خوێندن بەزمانی دایك لە خوێندنگا تایبەتەكان و هەروەها پڕوپاگەندەكردن دەدات. ئەوە جگە لە گێڕانەوەی ناوی ئەو گوند و شارانەی كە گۆڕاون و گەڕانەوەیان بۆ سەر ناوە رەسەنەكەیان.
لەدوای پەسەندكردنی ئەم پاكێجە، پەرلەمانی توركیا دانیشتنەكانی تاوەكو 26ی ئەم مانگە هەڵپەسارد.
رووداو