دادگای توركیا سەرجەم گیراوانی دۆسیەی گەندەڵی ئازادكرد
راگەیاندنەكانی توركیا ئاشكرایانكرد، كە دادگای توركیا پێنج كەسی ئازادكرد، كە لەسەر دۆسییەی گەندەڵی دەستگیركرابوون، لەنێویاندا كوڕەكانی هەردوو وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی ناوخۆو ئابووری توركیا هەن، كە ئەوانیش لەسەر دۆسییەی گەندەڵی دەستگیركرابوون، بەڵام بەگوێرەی بڕیاری دادگا ئەو ئازادكراوانە رێگای سەفەری دەرەوەی توركیایان پێنادرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا، پێشوازی لە بڕیارەكەی دادگا كرد و گوتی "هەر چاوەڕوانی بڕیارێكی دادوەرانەبووین لە دادگا سەبارەت بەو دۆسیەیە".
چەند رۆژی رابردووش، دوو كەسی دیكەی گیراو لەسەر هەمان دۆسیە ئازادكران، كە یەكێكیان بەڕێوەبەری پێشووی هاڵك بانك بوو، كە بەتۆمەتی شاردنەوەی چالاكییەكانی سەرمایەدارێكی گومانلێكراوی ئێرانی بەناوی رەزا زەراب دەستگیركرابوو.
زەراب كە سەرمایەدارێكی ئێرانی بە بنەچە ئازەرییە، بەوە تۆمەتباركرابوو كە پێشێلی یاسای كردووەو زێری بە قاچاخ لە توركیاوە بردووەتە ئێران، لەسەر ئەو دۆسیەیەش كوڕانی هەردوو وەزیری ناوخۆ و ئابووری دەستگیركران بە گومانی ئەوەی لەبەرامبەر ئاسانكاری بۆ ئەو كارە بەرتیلیان پێدرابێت.
ئەو ئۆپەراسیۆنەی پۆلیس و دەستگیركردنی ئەو بەرپرسانەی توركیا، حكومەتی خستە قەیران و چەندین وەزیر بەو هۆیەوە دەستیان لەكار كێشایەوە.
دواتریش حكومەت لەبەرامبەر ئەو هەڵمەتی دەستگیركردنانە چەندین دادوەر و ئەفسەری پۆلیسی لەكارەكانیان دوورخستەوە و ئەردۆغان جەماعەتی گیولەنی بەو هەڵمەتانە تۆمەتباركرد.
رووداو