ئەمڕۆ كابینە نوێیەكەی حكومەتی میسر رادەگەیەنرێت
مەحلەب لە پێكهێنانی حكومەتەكەیدا رووبەڕووی قەیرانێك بووەتەوە، كاتێك زۆربەی ئەو كەسایەتییانەی داوایان لێكرابوو پۆستی وەزاری وەربگرن رەتیانكردەوە، هەر بۆیە مەحلەب ناچاربوو هەندێك لە وەزارەتەكان بكاتەوە بەیەك و بەمەش ژمارەی وەزارەتەكان كەمتر دەبێتەوە.
بۆ نموونە وەزارەتی لاوان و وەزارەتی وەرزشی كردەوە بەیەك وەزارەت، وەزارەتی پیشەسازی و بەرهەمهێنانیش بەیەك وەزارەت، هەروەها وەزارەتی پلاندانان و هاوكاریی نێودوڵەتیش كرا یەكخرانەوە.
بەگوێرەی پێكهاتەی كۆتایی، حكومەتەكەی مەحلەب 19 وەزارەتی وەك خۆی هێشتەوە، جگە لە عەبدولفەتاح سیسی وەزیری بەرگریی، كە گۆڕانكاری لەو وەزارەتەدا لە دەرەوەی دەسەڵاتی مەحلەب بووە.
ئەو وەزیرانەش كە لە پۆستەكەی خۆیان بەردەوام دەبن، بریتین لە عەبدولفەتاح سیسی وەزیری بەرگری، محەممەد ئیبراهیم وەزیری ناوخۆ، نەبیل فەهمی وەزیری دەرەوە و هەروەها وەزیرانی پەروەردە، راگەیاندن، ئەوقاف و رۆشنبیری و چەند وەزارەتێكی دیكەش، بەم پێیە زۆربەی وەزارەتە گرنگەكانی میسر دەستكارییان ناكرێت.
ئەو وەزیرە تازانەش كە دێنە ناو پێكهاتەی حكومەتەكەی مەحلەب، بریتین لە وەزیری كارەبا، دارایی، تەندروستی ، داد، خوێندنی باڵا، نیشتەجێبوون، هاوكاری كۆمەڵایەتی و كۆچ.
هەر پێش راگەیاندنی فەرمی پێكهاتەی حكومەت، مەحلەب رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆر بووەتەوە لە نێوەندی رۆشنبیری میسریدا، بەوەی كە چەند وەزیرێكی وەك خۆی هێشتووەتەوە، كە سەركەوتوو نەبوون لە كارەكانیاندا، بە تایبەت سابر عەرەب، وەزیری رۆشنبیری، كە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیخوانەكانەوە بەردەوامە و لەلایەن نێوندی رۆشنبیری میسرییەوە داواكراوە بگۆڕدرێت
رووداو