داودئۆغلۆ: سووریا بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئەوروپاش
ئەحمەد داودئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا لە درێژەی لێدوانەكانیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، رایگەیاند، كە رەوشی سووریا ئێستا هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو جیهان و گوتی پێویستە ستراتیژیەتێكی نێودەوڵەتی دابنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییە.
حكومەتی بەشار ئەسەد، بەردەوام توركیا بە پشتیوانیكردنی گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و ئەو گرووپە تووندڕەوە ئیسلامییانە تۆمەتباردەكات، كە لە سووریا شەڕ دەكەن. وەزیری دەرەوەی توركیا ئەو تۆمەتباركردنانەی رەتكردەوەو گوتی، رژێمی ئەسەد بەخۆی هاوكاری ئەو گرووپە تووندڕەوانەی كرد بۆ ئەوەی شەڕی گرووپەكانی دیكەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایان پێبكات، هەروەها گوتیشی "سووریا ئێستا واخەریكە دەبێتە مەترسییەك بۆ سەر وڵاتە ئەوروپاییەكانیش، بەهۆی جێگیربوونی ئەو گرووپە تیرۆریستیانە لە سووریا، بەهۆی بوونی بۆشایی دەسەڵات و بەهۆی سرووشتی شمولی و زۆردارانەی رژێم . ئەوەش هەڕەشەیە بۆ سەر هەموومان ".
دادوئۆغلۆ گوتیشی، رێگرتن لە چوونی تووندڕەوەكان بۆ سووریا "پێویستی بە هاوكارییەكی هەواڵگرییە "، وەك ئاماژەیەك بۆ وڵاتانی جیهان و رۆژئاواش گوتی " پێمانگوتن ئەگەر ئێوە دەزانن كامانەن ئەوانەی تووندڕەون و دەیانەوێ بچنە سووریا ، خۆتان رێگەیان مەدەن بێنە توركیا . ساڵی رابردوو 36 ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە توركیا ، ئەگەر وڵاتەكانیان رێگەی سەفەریان پێدابن ، ئێمە ناتوانین لەڕووی یاساییەوە رێگەیان لێبگرین ".
هەروەها وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی، دەبێ هەموو گرووپە چەكدارەكان لە سووریا بكشێنەوە، لەوانەش حیزبوڵڵای لوبنانی و گرووپە شیعەكانی دیكەش.
داودئۆغلۆ رەخنەی لە رووسیا گرت، چونكە لەلایەكەوە داوای چارەسەری سیاسییانەی كێشەی سووریا دەكات و لەلایەكی دیكەشەوە چەك دەداتە رژێمی دەسەڵاتداری سووریا.
سەبارەت بە سەرنەكەوتنی گفتوگۆكانی كۆنگرەی جنێڤ 2 یش، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی ، هۆكارەكە رژێمی سووریا بوو ، چونكە بەیاننامەی جنێڤ1 ی پشتگوێخست ، كە داوادەكات حكومەتێكی ئینتیقالی دروستبكرێت " نەیانویست باسی حوكمی ئینتیقالی بكەن ، هەر ویستیان باسی مەترسیی تیرۆر بكەن ، كە هەر بەخۆیان دروستیانكردووە".
ئێستا 700 هەزار پەنابەری سووریا لە توركیا دەژین و حكومەتی توركیا پشتیوانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەكات دژی حكومەتی بەشار ئەسەد ، كە لەلایەن ئێران و رووسیاوە پشتگیری دەكرێت.
رووداو