سوریا .. ژماره‌ی كوژراوانى دوێنێ سێ شه‌ممه له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ گه‌یشته‌ 39 كه‌س

 سوریا .. ژماره‌ی كوژراوانى دوێنێ سێ شه‌ممه له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ گه‌یشته‌ 39 كه‌س
تۆڕى سوریا بۆ مافه‌كانى مرۆڤ رایگه‌یاند ژماره‌ى كوژراوانى دوێنێ گه‌یشته‌ سیى و شه‌ش كه‌ یازده‌ كه‌س له‌ ده‌رعا و نۆ كه‌س ریف دیمه‌شق و شه‌ش كه‌س له‌ حه‌له‌ب و ئه‌وانى دیكه‌ش له‌ حه‌ما و حمس و ئیدله‌ب و قونه‌یتره‌ و دێرئه‌لزور بوون. هه‌روه‌ها شه‌ڕوپێكدادان و تۆپباران له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كى دیكه‌ى جیاجیاى سوریا رویدا.

له‌ لایه‌كى دیكه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان رایگه‌یاند ژماره‌ى په‌نابه‌رانى سوریا كه‌ له‌ وڵاتانى دراوسێى سوریان تۆماركراون گه‌یشته‌ دوو ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار كه‌س. هه‌رله‌وچوارچێوه‌یه‌دا رێكخراوى یونیسێف ئاشكرای كرد دوو هه‌زار منداڵی په‌نابه‌ری سوریا له‌ لوبنان به‌ هۆی به‌دخۆراكی و نه‌بونی ئاوی پاكه‌وه‌ مردن هه‌ڕه‌شیان له‌ ژیانیان ده‌كا.

له‌مباریه‌وه‌ گوته‌بێژی یونیسێف پاتریك ماككۆرمیك له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: یونیسێف و هه‌ندێ رێكخراوی دیكه‌ی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، به‌ هاوكاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی لوبنان، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بابه‌تی كه‌م خۆراكیی په‌نابه‌رانی سوریا ده‌كه‌ن. ماك كۆرمیك ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ له‌ ساڵی دوو هه‌زارو سێزده‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی دوو هه‌زار و دوازده‌ له‌ باكوری لوبنان و بیقاع، نه‌خۆشكه‌وتن به‌هۆی كه‌م خۆراكیه‌وه‌ دوو هێنده‌ بووه‌ و گوتی: له‌ لوبنان دوو هه‌زار منداڵی په‌نابه‌ری سوری كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ خوار پێنج ساڵیه‌وه‌یه‌، رووبه‌ڕووی مه‌ترسی مردن بوونه‌ته‌وه‌ و پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ری به‌په‌له‌ هه‌یه‌.

ماككۆرمیك ئاماژه‌ی به‌ كێشه‌كانی پاكوخاوێنی و كه‌میی ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌ له‌و كه‌مپانه‌ی منداڵانیان تێدا ده‌ژین كرد و گوتی: دۆخی كێشه‌ی خواردن به‌ره‌و زیادبوون ده‌چێ و خراپتر ده‌بێ. ده‌بێ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی لوبنان و رێكخراوه‌كانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م كێشانه‌ ده‌ستبه‌كار بن.
Top