"ئەمریكا سیخوڕی بەسەر 320 هاوڵاتی ئەڵمانیەوە كردووە"
بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی(بیلد) ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا(ئێن سی ئەی) سیخوڕی لەسەر 320 هاوڵاتی ئەڵمانیەوە كردووە، ئەو كەسانە بە تەنها كەسانی سیاسی نین، بەڵكو هەندێكیان سەرمایەدار و گەورە بازرگانن.
لە درێژەی ئەو هەواڵەدا هاتووە، لە ناو ئەو ژمارەیەشدا كەسایەتی دیار (تۆماس دی میتزیرە) وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیایی تێدایە.
پێدەچێت ئەو ژمارەیە زیاد و كەمی هەبێت، بەڵام رۆژنامەكە تەنها ئاماژەیان بەو ژمارەیە داوە.
كەیسی سەرهەڵدانی سیخوڕی بەسەر هاوڵاتیانی ئەڵمانەوە لەلایەن ئەمریكا لە دوای ئەوە هات، كە ئیدوارد سنۆدنی كارمەند لە ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا زۆر نهێنی دركاند لەوانەش ئەمریكا بەردەوام چاودێری ئەنجیلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانی بە بەردەوامی كردووە، ئەوەش مشتومڕێكی گەورەی سیاسی بەدوای خۆیدا هێنایە ئاراوە.
خەندان