دوو گروپی ملیشیای چەكداری هەڕەشەی لە پەرلەمانی لیبیا دەكەن

 دوو گروپی ملیشیای چەكداری هەڕەشەی لە پەرلەمانی لیبیا دەكەن
بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ، لە لیبیا گروپە ملیشیا چەكدارەكان وەك هۆشدارییەك هەڕەشەیان لە ئەنجوومەنی كۆنگرەی نیشتیمانی گشتی كرد كە بە پەرلەمان ناسراوە و هاوكات سەرۆكی ئەنجوومەنەكە ئەو هەڕەشەیەیی ملیشیا چەكدارەكانی رەت كردەوە و هۆشداری و هەڕەشەكەشی بە كودەتا بۆ سەر دەسەڵاتی پەرلەمان لە قەڵەم دا .

لەلایەكی دیكەوە حكوومەتی لیبیا رایگەیاند: كە ئەو پرسەیە لە نێوان ئەنجوومەنی نیشتیمانی گشتی و ملیشیا چەكدارەكان چارەسەر كراوە. وەك ئاژانسەكان روونیان كردەوە، هەر دوو گروپی كەتیبەی ئەلقعەقاع و كەتیبەی سەواعق كە دوو گروپی ملیشیای چەكداری لیبیا بە هاوبەشی ماوەی پێنج كاتژمێریان دایە سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆنگرەی نیشتیمانی گشتی لیبیا كە بە پەرلەمان ناسراوە لەوەی لەو ماوەیەدا تەواوی دەسەڵاتەكانیان رادەست بكەنەوە و واز لە پۆستەكانیانیش بهێنن ئەگەر نا ئەوە دووچاری دەستگیركردن و پەلامارو كوشتنی دەبنەوە.

لە بەرامبەریشدا نووری ئەیو سەهیمن سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆنگرەی نیشتیمانی گشتی لیبیا لە وتەیەكدا كە لە بەردەم ئەندامانی ئەنجوومەنەكە پێشكەشی كرد وێرای رەتكردنەوەی هەڕەشەكانی ئەو دوو گروپە ملیشیا چەكدارانە هەروەها دووپاتی كردەوە، بە هیچ شێوەیەك سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆنگرەی نیشتیمانی گشتی واز لە دەسەڵات و پۆستەكانیان ناهێنن و ئەبو سەهمین هەڕەشەی ئەو دوو گروپە چەكدارانەشی وەك كودەتایەك بۆ سەر دەسەڵاتی پەرلەمان لە قەڵەم دا.

لەلایەكی دیكەوە عەلی زێدان سەرۆك وەزیرانی لیبیا لە راگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە، كە بە ناوبژیوانی حكوومەت، ئەنجوومەنی كۆنگرەی نیشتیمانی و گروپە ملیشیا چەكدارەكان گەیشتوونەتە رێككەوتن و لێتێگەیشتن و لە راگەیاندراوەكەدا ئاماژە بەوە درا، كە ژیری هەموو لایەك بەسەر كێشەكەدا سەركەوت و هیچ زانیاری دیكە لە بارەی چۆنیەتی گەیشتن لایەنەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكە رانەگەیاندرا.
Top