ژماره‌ی قوربانییانی جه‌نگی سوریا 140 هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاند و وڵاتانی كه‌نداویش پرسی پێدانی چه‌كی پێشكه‌وتوو به ئۆپۆزسیۆن، تاوتوێ ده‌كه‌ن، رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆڕنالی ئه‌مریكی ئاشكرای كرد: دوای شكستهێنانی كۆنگره‌ی جنێف 2 ، وڵاتانی كه‌نداو به مه‌به‌ستی پاراستنی هاوسه‌نگیی هێز له سوریا، پرسی پێدانی چه‌كی پێشكه‌وتوو به ئۆپۆزسیۆنی ئه‌و وڵاته، تاوتوێ ده‌كه‌ن. له لایه‌كی دیكه‌وه، ڕێكخراوی مافی مرۆڤی سوریا، له ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای كرد: رێژه‌ی كوژراوانی جه‌نگی سوریا، 140 هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاندوه و له‌و رێژه‌یه‌ش، زیاتر له 7 هه‌زار كه‌سیان، منداڵن و زیاتر له 5 هه‌زار كه‌سیشیان ژنن. به گوێره‌ی راپۆرته‌كه، له رۆژی 22ی كانوونی دوه‌می رابردوه‌وه كه كۆنگره‌ی جنێف ll ، ده‌ستی پێكرد تا ئێستا، 2 هه‌زار و 247كه‌س كوژراون.لای خۆشییەوە ده‌سته‌ی فه‌رمانده‌یی هاوبه‌شی سوپای ئازادی سوریا، له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرای كرد: ژه‌نڕاڵ سه‌لیم ئیدریس، له پۆستی فه‌رمانده‌یی سوپا، دوورخراوه‌ته‌وه‌و له‌وباره‌یه‌وه عه‌بدولناسر عاید له ئه‌فسه‌رانی سوپای ئازاد، هۆكاری دوورخستنه‌وه‌مه‌ی سه‌لیم ئیدریسی بۆ لاواز بوونی سوپای ئازاد و ئه‌و ناكۆكیی و دووبه‌ره‌كییانه گه‌ڕاندوه‌ته‌وه كه له ماوه‌ی فه‌رمانده‌یی ئه‌ودا، سوپای ئازادیان گرتوه‌ته‌وه.