قۆناغی ئاشتی گەورەترین دەستكەوتی توركیایە

 قۆناغی ئاشتی گەورەترین دەستكەوتی توركیایە
وەزیری بەرگری توركیا عیسمەت یڵماز رایگەیاند ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە توركیا تەنیا یەك دەستكەوتی گرنگی هەبووە و ئەویش قۆناغی چارەسەری پرسی كوردە لە توركیایە.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی سۆن خەبەری توركی بڵاویكردەوە كە وەزیری بەرگری توركیا عیسمەت یڵماز رایگەیاندووە توركیا لەم ساڵانەی دواییدا هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە و دەستكەوتی باشیشی بەدەست هێناوە بەڵام گەورەترین دەستكەوتی توركیا لە ماوەی ئەم سی ساڵەدا قۆناغی چارەسەری پرسی كوردە.

عیسمەت یڵماز جەختی لەوە كردەوەتەوە كە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد پرۆسەی دیموكراتیزە كردنیشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە و ئەمەیش هەنگاوێكی زۆر باشە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری یاسایی و سیاسی لە توركیا، بەڵام ئەوەی جێگای داخە هەوڵدانی چەند كەس و لایەنێكە بۆ تێكدانی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و رێگریكردن لە دیموكراتیزە كردنی توركیا.

یڵماز ئاماژەی بەوە كردووە، زیاتر لە یەك ساڵە هیچ كەس بە هۆی توندوتیژی و شەڕەوە لە توركیا گیانی لەدەست نەداوە و ساڵی رابردوو لە مێژووی كۆماری توركیادا ئارامترین ساڵ بووە، بەڵام چەند كەس و لایەنێك دەیانەوێ بە سەر ئیرادەی نەتەوەییدا كوودەتا بكەن تا بەو جۆرە قۆناغی چارەسەری و پرۆسەی دیموكراتیزە كردنی توركیا تێك بدەن و توركیا بگەڕێننەوە بۆ توركیای رابردوو.
Top