سەدا 80ی خەڵكی توركیا داوای ئاشتی و ئارامی دەكات

 سەدا 80ی خەڵكی توركیا داوای ئاشتی و ئارامی دەكات
هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتیكی گەلان ( هەدەپە) سەباحەت توونجەل لە میانی كۆبوونەوەیەكی جەماوەری لە شاری بورسای توركیا رایگەیاند كە خەڵكی توركیا چی دیكە وەكو رابردوو فەریوی سیاسەتە توندڕەوەكانی هەندێ لە پارت و لایەنە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە ناخوات و بۆ خۆی بڕیار لەسەر داهاتووی خۆی دەدات.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی یۆكسەكئۆڤا بڵاویكردەوە كە هاوسەرۆكی هەدەپە سەباحەت توونجەل رایگەیاندووە كە خەڵكی توركیا وەكو رابردوو نییە كە بەدوای پارتە سیاسییەكاندا بكەوێ و مل بۆ سیاسەتەكانیان كەچ بكات، چونكە ئەمڕۆ زیاتر لە سەدا 80ی خەڵكی توركیا داوای ئاشتی و ئارامی دەكات.

توونجەل هەروەها رایگەیاندووە كە جەهەپە سیاسەتێكی باش پەیڕەو ناكات و ناتوانێ بەو سیاسەتەی ئێستای خۆی ببێتە ئاڵترناتیفێك بۆ دەسەڵاتی هەنۆكەیی توركیا.

توونجەل جەختی لەوە كردووەتەوە كە هەڵبژاردنی 30 ئاداری ئەمساڵ وەكو هەڵبژاردنی ساڵانی رابردوو نییە، چونكە خەڵكی توركیا لە هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵدا دەنگ بە ئاشتی و تەبایی دەدا نەك بە سیاسەتی توندوتیژی و جیاخوازی.
Top