ئەڵمانیا رەخنە لە تورکیا دەگرێت
ئەنقەرە: پارساڵ 1100 توندڕەوی ئەوروپیمان گەڕاندۆتەوە وڵاتەکانیان
ئەڵمانیا رەخنەی لە رێوشوێنەکانی تورکیا گرت کە بەرامبەر ئەو هاووڵاتییە ئەوروپییانەی کە لە رێی تورکیاوە بۆ شەڕی بەناو جیهاد دەچن بۆ سوریا، تورکیاش دەڵێ پارساڵ 1100 هاووڵاتی ئەوروپییان گەڕاندۆتەوە وڵاتەکانیان.
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا گوتی “ئێستا تورکیا زۆر بە کەمی ئەو ئەڵمانیانە دەستگیر دەکات کە بەناوی جیهادەوە بۆ سوریا دەچن، گوتیشی “پاساڵ ژمارەی ئەو توندڕەوانەی کە دەسەڵاتدارانی تورکیا جارێکی تر بۆ ئەڵمانیایان گەڕاندۆتەوە 10 هاووڵاتی بوو”.
ماوەیەک لەمەوبەر تورکیا رووبەڕووی رەخنەی تووندی وڵاتە ئەوروپییەکان بووبۆوە بەوەی کە تورکیا رێوشوێنی پێویست ناگرێتەبەر بەرامبەر بە لاشاوی هاووڵاتییە بیانییەکان کە بە خاکی تورکیاوە بۆ سوریا دەچن.
بەپێی روژنامەی (ئەلشەرق ئەلئەوسەت)، حکومەتی ئەڵمانیا راپۆرتی راگەیاندنەکانی تورکیایان بەدرۆخستەوە کە باس لە کردەی سەربازی فراوان دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوروپییە موسڵمانەکان لەوانەش ئەڵمانەکان.
بەگوێرەی راپۆرتێک کە لە کانوونی یەکەمی رابردوو لە رۆژنامەی (هابرتورک)ی تورکی نزیک لە حکومەت بڵاوبۆتەوە، 1100 تووندڕەوی وڵاتە ئەوروپییەکان لە تورکیا دەستگیرکراون و رەوانەی وڵاتەکانیانی کراونەتەوە زۆربەشیان هاووڵاتی (ئەڵمانی، بەلجیکی، فەرەنسی و هۆڵەندی) بوون.
تورکیا دەڵێ حکومەتی ئەڵمانیا هیچ شتێک لەمبارەیەوە نازانێ، ئەڵمانیاش دەڵێ تورکیا بە شێوەیەکی رێکوپێک ئەم شتانەمان پێڕاناگەیەنێ و راپۆرتەکەی ئەنقەرەش رووبەڕووبونەوەی ئەو رەخنانەیە کە وڵاتە ئەوروپییەکان ئاراستەی تورکیای دەکەن.
باسنیوز