سیسی خۆی بۆ سەرۆکایەتی میسر کاندید دەکات

 سیسی خۆی بۆ سەرۆکایەتی میسر کاندید دەکات
عەبدولفەتاح سیسی، وەزیری بەرگری و سوپا سالاری میسر رایگەیاند: "بەدەم داواکارییەکانی گەلی میسرەوە دێم و خۆم بۆ سەرۆکایەتی میسر کاندید دەکەم."

موشیر عەبدولفەتاح سیسی، کە هاوکات جێگری یەکەمی سەرۆک وەزیرانی میسرە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (سیاسە)ی کوێتی رایگەیاند: "خۆم یەکلاکردەوەو بەدەم داواکارییەکانی گەلی میسرەوە دێم، بۆیە لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی کۆماری میسر خۆم کاندید دەکەم و داواکارم لە گەلی میسر لە دەنگدانێکی ئازاد دیسان متمانەم پێببەخشنەوە".

سیسی گوتیشی: "ئەرکی سەرۆکایەتیکردنی کۆماری میسر ئاسان نییە، چونکە میسر وڵاتێکە بەدەستی کۆمەڵێک کێشەوە دەناڵێنێ و ئەو کێشانەش لە چەند ساڵی رابردوو زیاتر بوون، بۆیە هەماهەنگی هەموو لایەنەکان پێویستە بۆ چارەکردنیان".

وەزیری بەرگری میسر راشیگەیاند: "ئەوەی ئەمڕۆ لە میسر روودەدات کاریگەری لە سەر گەلی میسر نابێ و ورەی ناروخێنێ و تەقینەوەی بۆمبێک لێرە و سەرهەڵدانی خۆپێشاندانێک لەوێ ناتوانێ رێگری لە رێرەوی پێشخستنی میسر".

ئەمە لەکاتێکدایە عەبدولفەتاح سیسی، وەزیری بەرگری و سوپا سالاری میسر لەلایەن هاوپەیمانی پاڵپشتیکردنی شەرعییەت، کە کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین-ی میسر سەرۆکایەتی دەکات و داکۆکی لە محەممەد مورسی، سەرۆکی لەکارلابراوی میسر دەکات، دژی خۆکاندید کردنی سیسییە.

هاوکات بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی میسر لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەڕێوەبچێ.














رووداو
Top