فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی سوریا به‌رمیلی بۆمبڕێژكراویان به‌كارهێنا و سه‌دان كه‌س بوونه‌ قوربانی...ڤیدیۆیی

فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی سوریا به‌رمیلی بۆمبڕێژكراویان به‌كارهێنا و سه‌دان كه‌س بوونه‌ قوربانی...ڤیدیۆیی
روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند، له‌ دوو رۆژی رابردوو فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی سوریا له‌ كاتی تۆپباراندا، له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی باكوری حه‌له‌ب به‌رمیلی بۆمبڕێژیان به‌كارهێناوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 90 كه‌س كوژراون.



ئه‌و روانگه‌یه‌ وتیشی، فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كان له‌ رۆژانی شه‌ممه‌ و یه‌كشه‌ممه‌ به‌رده‌وام و بێ پسانه‌وه‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی حه‌له‌بیان تۆپباران كردوه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ رامی عه‌بدولره‌حمان، به‌ فرانس پرێسی راگه‌یاند، زۆربه‌ی قوربانییه‌كان به‌هۆی به‌رمیلی بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ كه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ هه‌لیكۆپه‌ره‌ جه‌نگییه‌كان له‌ گه‌ڕه‌كی "ته‌ریق باب" له‌ حه‌له‌ب فڕه‌یان داوه‌ته‌ خواره‌وه‌.



نزیكه‌ی سێ ساڵه‌ هێزه‌كانی حكومه‌تی سوریا ئه‌م جۆره‌ چه‌كانه‌ به‌كاردێنێت به‌هۆیه‌وه‌ سه‌دان كه‌س له‌ حه‌له‌ب كوژراون، رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤیش پرۆتستۆی به‌كارهێنانی ئه‌م جۆره‌ چه‌كانه‌یان كردوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جیاوازی له‌ نێوان چه‌كدار و سڤیل ناكات.



دوێنێ رۆژنامه‌ی وه‌ته‌نی نزیك له‌ حكومه‌تی سوریا رایگه‌یاند، هێزه‌كانی حكومه‌ت زۆربه‌ی ناوچه‌كانی گه‌ڕه‌كی كه‌ره‌م تورابی له‌ رۆژهه‌ڵاتی حه‌له‌ب كه‌وتۆته‌ ژێر ده‌ست، روانگه‌ش له‌لایه‌نی خۆیه‌وه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ی پشتڕاست كردۆته‌وه‌.
Top