ئێران دوو مامۆستای عەرەب لەسێدارەدەدات
پیاوانی ئاسایشی ئاژانسی هەواڵگری بە كەسوكاری ئەو دوو چالاكوانانە، كە هەردووكیان مامۆستاشن، راگەیاندووە، کە بە بیستنی لە سێدارەدانیان، " كاری تێكدەرانە نەكەن" و گوتوشیانە دواتر شوێنی ناشتنی كوڕەكانیان نیشاندەدەن و "ناشبێت مەراسیمی بەخاك سپاردنیان بۆ دابنێن".
پێشتر رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندبوو، "رۆژی 7 كانونی یەكەمی رابردوو ئەو دوو مامۆستایە گوێزراونەتەوە بۆ زیندانی كارۆن و پەیوەندیشیان لەگەڵ كەسوكاریان پچڕاوە". هەروەها ئەم رێكخراوە جەختی لەسەر ئەوە كردبووەوە، کە "ئەم دوو مامۆستایە ئەندامی (دامەزراوەی گفتوگۆ)بوون و حكومەتیش 4 چالاكوانی دیكەی عەرەبی پێش یەك هەفتە لە ونبوونی راشدی و شەعبانی لەسێدارەدابوو".
هاشم شەعبانی كاتێك لە زینداندا بووە، نامەیەكی بۆ كەسوكاری ناردووە و تێیدا نووسیبووی، کە ئەو و چوار كەسی دیكەی عەرەب ئازاردراون بۆ ئەوەی دان بە چەند تاوانێكدا بنێن، كە ئەوان ئەنجامیان نەداوە و دوای تۆمەتباركردنیشیان بە جەنگان لە دژی خوا و پێغەمبەر و ئاسایشی ئێران، فەرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەچووە.
رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ زۆرجار پشتڕاستی دەكەنەوە، كە " دادگاكانی ئێران ئەو دانپێدانانە قبوڵ دەكەن، كە بە ئەشكەنجەدان لە تۆمەتبارەكان وەردەگیرێن و دواتریش وەك بەڵگە لە دژیان بەكاری دەهێننەوە".
پیاوانی ئاسایشی ئێرانی مانگی رابردوو بە كەسوكاری چوار عەرەبی ئەهوازی دیكەیان راگەیاندبوو، كە كوڕەكانیان لەسێدارەدراون، بەڵام تاوەكو ئێستا تەرمەكانیان پێنەداونەتەوە.
چالاكوانە ئەهوازییەكانی باشووری ئێران، حكومەتی ئێرانی بە هەوڵدان بۆ لەناوبردنی رەگەزە عەرەبیەكەیان تۆمەتباردەكەن، بەڵام تاران ئەم تۆمەتانە رەتدەكاتەوە و جەخت دەكاتەوە لەوەی، كە هەموو هاونیشتمانییەكانی لەبەرامبەر یاسادا وەكو یەكن.
رووداو