ئۆباما بۆ ئێران : ئه‌م هه‌له‌ی هاتۆته‌ به‌رده‌ستان بیقۆزنه‌وه‌

ئۆباما بۆ ئێران : ئه‌م هه‌له‌ی هاتۆته‌ به‌رده‌ستان بیقۆزنه‌وه‌
سه‌رۆكی ئه‌مریكا داوا له‌ به‌رپرسانی ئێران ده‌كات ئه‌و هه‌له‌ بقۆزنه‌وه‌ كه‌ هاتۆته‌ به‌رده‌ستیان بۆ چاره‌سه‌ری دبلۆماسیانه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی ئێران، وریایی ئه‌وه‌ش ده‌دات گه‌ر كۆنگرێسی ئه‌مریكا بیر له‌ سزای زیاتری ئێران بكاته‌وه‌، ئه‌وا ڤیتۆ له‌به‌رامبه‌ری به‌كار دێنێت.

له‌ وتاری ساڵانه‌ی خۆی له‌ بینای كاپیتۆڵ له‌واشنتۆن، باراك ئۆباما سه‌رۆكی ئه‌مریكا وتاری ئه‌مساڵی خۆی به‌ناوی ( ساڵی جوڵان) پێشكه‌ش كرد و تیایدا زنجیره‌یه‌ك به‌رنامه‌ی چاكسازیی بۆ كێشه‌ ئابورییه‌كانی ئه‌مریكا خسته‌ڕوو.

له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی، ئۆباما له‌وتاره‌كه‌یدا زیاتر تیشكی خسته‌سه‌ر هه‌وڵه‌ دبلۆماسیه‌كانی ئه‌مریكا بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئاشتیانه‌ی دۆسیه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی ئێران و رایگه‌یاند، هه‌وڵه‌ دبلۆماسیه‌كان فشاری سزاكانی سه‌ر ئێرانی دواخستووه‌و به‌هۆیه‌وه‌ به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران راوه‌ستا.

ئۆباما وریایدایه‌ كۆنگرێسی ئه‌مریكا له‌به‌رامبه‌ر سزادانی زیاتری ئێران و وتی: گه‌ر كۆنگرێس یاسای سزادانی زیاتری ئێران رابگه‌یه‌نێت، ئه‌وا هه‌وڵه‌ دبلۆماسیه‌كان شكست دێنن، له‌به‌رامبه‌ریشدا ڤیتۆ به‌كار دێنم ، وتیشی: ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یمان ده‌خوازێت هه‌لی سه‌ركه‌وتن بده‌ینه‌ هه‌وڵه‌ دبلۆماسیه‌كان.

ئۆباما درێژه‌ی به‌قسه‌كانی داو رایگه‌یاند، گه‌ر به‌رپرسانی ئێران ئه‌و هه‌له‌ی ئێستا بۆیان ره‌خساوه‌ وه‌ك پێویست نه‌یقۆزنه‌وه‌، ئه‌وا داوا ده‌كه‌م سزای زیاتری ئێران بدرێت و هه‌موو رێوشوێنه‌كانیش بگیرێنه‌ به‌ر بۆ راگرتنی دروستكردنی چه‌كی ئه‌تۆمی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌.

ئۆباما وتاری ساڵانه‌ی خۆی پێشكه‌ش ده‌كات له‌كاتێكدا كه‌ رۆژ له‌دوای رۆژ به‌هۆی كێشه‌ ئابورییه‌كانی ناوخۆی ئه‌مریكاوه‌ ئۆباما جه‌ماوه‌رێتی له‌نێوخۆی ئه‌مریكادا داده‌به‌زێت.








خه‌ندان
Top