ئەمڕۆ لابردنی گەمارۆكانی سەر ئێران تاوتوێ دەكرێت

 ئەمڕۆ لابردنی گەمارۆكانی سەر ئێران تاوتوێ دەكرێت
گوتەبێژی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند، كە یەكێتی ئەوروپا لەدوای راپۆرتی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بڕیار دەدات گەمارۆكانی لەسەر ئێران لاببرێن یان درێژەیان هەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە بروكسل كۆدەبنەوە و راپۆرتی ئاژانسی وزەی ئەتۆم وەردەگرن، كە بزانن ئێران بەو بەڵێنانەی داویەتی لەسەر رێككەوتننامەی جنێف بردو‌ویەتییە سەر یان نا.

مایكڵ مان، گوتەبێژی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا،بە رادیۆ فەردای راگەیاند: "وەزیرانی دەرەوەی ئەو یەكێتییە ئەمڕۆ دووشەممە 20-1-2013 لەدوای وەرگرتنی راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ لابردنی گەمارۆكانی سەر ئێران هەنگاو دەنێن".

گوتیشی: "لەدوای تاوتوێكردنی ئەو راپۆرتە، كاترین ئاشتۆن تێبینی خۆی دەداتە وەزیرانی دەرەوە و ئەگەر بگەنە ئەو بڕوایەی كە ئێران هەنگاوی پێویستی نابێت بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی جنێف، ئەوا دەبێت ئەو گەمارۆیانەی لە جنێف بڕیاردرابوو بۆ لابردنیان كەمبكرێتەوە".

لە رۆژی 20-11-2013 ئێران و گرووپی 5+1 گەیشتنە رێككەوتنێك كە لەبەرامبەر راگرتنی هەندێك لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران لە ماوەی 6 مانگدا، یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا گەمارۆی نوێ نەخەنە سەر ئێران و ئەگەر ئێران بەڵێنەكانی بردە سەر هەندێك لەگەمارۆكانی سەر ئێران لاببرێن و كەمبكرێنەوە.









رووداو
Top