په‌سه‌ندكردنی‌ ده‌ستووری‌ نوێی‌ میسر راگه‌یه‌ندرا

په‌سه‌ندكردنی‌ ده‌ستووری‌ نوێی‌ میسر راگه‌یه‌ندرا
سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ میسر، په‌سه‌ندكردنی‌ ده‌ستووری‌ نوێی‌ ئه‌و وڵاته‌ی‌ له‌لایه‌ن ده‌نگده‌رانه‌وه‌ راگه‌یاند و ئاشكرای‌ كرد كه‌ سه‌دا 98.1ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌شداری‌ راپرسییه‌كه‌یان كردووه‌ كه‌ ژماره‌یان زیاتر له‌ 20 ملیۆن كه‌س بووه‌، به‌ به‌ڵێ‌ ده‌نگیان داوه‌.

ئه‌مڕۆ 18ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2014 راوێژكار نه‌بیل سه‌لیب سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ میسر له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند كه‌ سه‌دا 98.1ی‌ به‌شداربووانی‌ پرۆسه‌ی‌ راپرسی‌ به‌به‌ڵی‌ ده‌نگیان بۆ پرۆژه‌ ده‌ستووری‌ نوێی‌ وڵات داوه‌ و به‌وشێوه‌یه‌ش ئه‌و پرۆژه‌ ده‌ستووره‌ ده‌بێته‌ ده‌ستووری‌ میسر.

نه‌بیل سه‌لیب وتی‌: "زیاتر له‌ 20 ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س به‌شدارییان كردووه‌ له‌ پرۆژه‌ی‌ راپرسی‌ له‌سه‌ر ده‌ستوور كه‌ سه‌دا 38.6ی‌ ژماره‌ی‌ ده‌نگده‌ران ده‌كات"، ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ زیاتره‌ له‌و رێژه‌یه‌ی‌ له‌سه‌رده‌می‌ محه‌مه‌د مورسی‌ سه‌رۆكی‌ له‌سه‌ر كارلابراو ده‌نگیان له‌سه‌ر ده‌ستووری‌ پێشوو دا.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ له‌و ژماره‌یه‌ی‌ به‌شداری‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدانه‌كه‌یان كردووه‌، 19 ملیۆنیان به‌ به‌ڵێ‌ بۆ ده‌نگیان پرۆژه‌ ده‌ستووره‌كه‌ داوه‌ كه‌ سه‌دا 98.1 ده‌كات و سه‌دا 1.9ش به‌ نه‌خێر ده‌نگیان داوه‌.

سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ میسر ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ گه‌ر واده‌ی‌ راپرسییه‌كه‌ هاوكات نه‌بوایه‌ له‌گه‌ڵ‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی‌ زانكۆ، ئه‌وا رێژه‌یه‌كی‌ زیاتر له‌ ده‌نگده‌ران به‌شدارییان له‌ راپرسییه‌كه‌دا ده‌كرد.

دوای‌ له‌سه‌ر كارلابردنی‌ محه‌مه‌د مورسی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ میسر و كۆتاییهێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ئیخوان موسلمین، ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ میسر ده‌ستوورێكی‌ نوێیان بۆ ئه‌و وڵاته‌ نووسییه‌وه‌ و له‌ رۆژانی‌ سێشه‌ممه‌ و چوارشه‌ممه‌ی‌ رابردوودا راپرسی‌ له‌سه‌ر كرا.












خه‌ندان
Top