ئەردۆغان: منداڵی من لە گەندەڵی تێوەگلێ، حاشای لێدەکەم
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە میانەی گوتارێکیدا لە یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی قوتابخانەکانی "ئیمام و خەتیب" لە تورکیا، بەتووندی هێرشی کردە سەر هەندێک گروپ، کە "دژی گەورەبوونی تورکیان".
لەبارەی بابەتی گەندەڵی لە تورکیا، ئەردۆغان هەموو تۆمەتەکانی رەتکردەووە و ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەگەر کابینەکەی گەندەڵی بکردایە، ئەو هەموو دەستکەوتەی نەدەبوو، هەر لە دانەوەی قەرزەکانی تورکیا تاوەکو دروستکردنی چەندین پرۆژەی گەورە.
لەو گوتارەیدا، ئەردۆغان باسی لەو راپۆرتانە کرد، کە باس لە تێوەگلانی بیلالی کوڕی دەکەن لە وەرگرتنی بەرتیل و گوتی، "منداڵی من لە گەندەڵییەوە تێوەگڵی، یەک چرکە رایناگرم و حاشای لێدەکەم".
لە 15ـی کانوونی یەکەمی 2013ـەوە، دوای ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیس و دەستگیرکردنی چەندین کەسی نزیک لە حکومەتی تورکیا بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن، ئەو وڵاتە تووشی قەیرانێکی سیاسی بووە ، کە بووەتە هۆی دروستبوونی گرژییەکی تووند لە نێوان پارتە سیاسیەکان. پارتەکەی ئەردۆغان، گروپی فەتحوڵڵا گیولەن تۆمەتباردەکات، کە لە پشت ئەو ئۆپەراسیۆنانە بێت و خەریکی دروستکردنی دەوڵەت بێ لە ناو دەوڵەت.
گیولەن هاوکارێکی سەرەکی ئەردۆغان بوو، بەڵام دوای ئەوەی حکومەت پلانی داخستنی قوتابخانە تایبەتەکان(دەرسخانە)کانی خستەروو، گروپی گیولەن دژی ئەردۆغان وەستانەوە. زۆربەی ئەو دەرخانانە لەلایەن هەوادارانی گیولەنەوە خاوەنداریی دەکرێن.
رووداو