جەمیل چیچەك: تاقە رێگای چارەسەری كێشەكان گۆڕینی دەستوورە

 جەمیل چیچەك: تاقە رێگای چارەسەری كێشەكان گۆڕینی دەستوورە
سەرۆكی پەرلمانی توركیا جەمیل چیچەك لە بارەی چۆنێتی چارەسەر كردنی پرسی پرۆژە یاسای گۆڕینی یاسا و پێكهاتەی لێژنەی باڵای دادوەر و داواكارانی توركیاوە گوتی: تا دەستووری توركیا نەگۆڕدرێ ئەو پرسە بە شێوەیەكی هەمیشەیی چارەسەر ناكرێت.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی تی ئار تی بڵاویكردەوە كە رۆژی هەینی سەرۆكی پەرلەمانی توركیا جەمیل چیچەك رایگەیاندووە تا ئەو كاتەی دەستووری بنەڕەتی توركیا نەگۆڕدرێ، ئەوا نەتەنیا پرسی لێژنەی باڵای دادوەر و داواكارانی توركیا بەڵكو چەندین پرسی گرنگی دیكەی توركیا چارەسەر ناكرێن.

جەمیل چیچەك لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە هێشتا چەندین كێشەی زۆر گرنگ و ئاڵۆز لە بەردەم توركیادا ماون و هۆی سەرەكی ئەو كێشانەیش دەستووری بنەڕەتی توركیایە و تاقە رێگای چارەسەر كردنیشیان گۆڕینی دەستووری توركیایە، بۆیە پێویستە پارت و لایەنە سیاسییەكانی توركیا هەوڵ بۆ گۆڕینی دەستوور بدەن.
Top