توركیا خۆى له‌ كێشه‌كانى هه‌ولێرو به‌غدا به‌ دوور ده‌گرێت

توركیا خۆى له‌ كێشه‌كانى هه‌ولێرو به‌غدا به‌ دوور ده‌گرێت
وه‌زیرى وزه‌ى توركیا رایگه‌یاند له‌باره‌ى ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى نه‌وته‌وه‌ توركیا هیچ ده‌ستوه‌ردانێك له‌ كێشه‌ى نێوان كوردستان و عێراقدا ناكات.
ته‌نه‌ر یه‌ڵدز وه‌زیرى وزه‌ى توركیا له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌نوسیدا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ى خۆى له‌ ناكۆكییه‌كانى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا له‌باره‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌ دوور ده‌گرێت، ’ئێمه‌ نابینه‌ به‌شێك له‌و كێشه‌و ناكۆكیانه‌ى كه‌ له‌ نێوان عێراقیه‌كاندا هه‌یه‌، له‌باره‌ى پێشێلكردنى سه‌روه‌ریدا، چونكه‌ ئه‌وه‌ كێشه‌یه‌كى ناوخۆیی برا عێراقیه‌كانه‌و توركیا له‌مڕوه‌وه‌ خۆى به‌ دوور ده‌گرێت’.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ توركیا ئاماده‌یه‌ بببێته‌ بازاڕێك بۆ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى نه‌وتى عێراق له‌ باكوور بێت یان باشوور، ’ئه‌گه‌ر نه‌وته‌كه‌ هات ئێمه‌ش ده‌ینێرینه‌ ده‌ره‌وه‌’.
هه‌فته‌ى رابردوو حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند، له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا هه‌نارده‌كردنى نه‌وت له‌ رێگه‌ى توركیاوه‌ ده‌ست پێ ده‌كات، به‌ڵام سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، نورى مالیكى 12ى ئه‌م مانگه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسى رۆیته‌رز هه‌ڕه‌شه‌ى بڕینى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستانى كرد، ئه‌گه‌ر به‌ بێ ره‌زامه‌ندى به‌غدا نه‌وتى كوردستان هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بكرێت.
وه‌زیرى وزه‌ى توركیا ئاشكراشى كرد، ئێستا وڵاته‌كه‌ى زیاتر نه‌وت له‌ عێراق هاورده‌ ده‌كات نه‌وه‌كو له‌ ئێران، هیواشى خواست په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان عێراق و توركیا زۆر له‌وه‌ى ئێستا زیاتر پێشبكه‌ون، جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ پڕۆژه‌ هێڵى بۆڕى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و توركیا خزمه‌ت به‌ هه‌موو عێراقییه‌كان ده‌كات.











باسنیوز
Top