سەركردەی دووەمی قاعیدە لە توركیا، دەستگیركرایەوە

 سەركردەی دووەمی قاعیدە لە توركیا، دەستگیركرایەوە
ئۆپەراسیۆنی دەستگیركردنی بەرپرسان و ئەندامانی رێكخراوی قاعیدە لە شەش پارێزگای توركیا بەڕێوەچوو و سەركردەی دووەمی قاعیدەش لەنێو دەستگیركراوەكاندایە.

بە ئۆپەراسیۆنێكی هێزە نیشتمانپارێزەكانی توركیا لە شارەكانی ئیستەنبوڵ، كیلیس، ئەدەنە، غازی عەنتاب و قەیسەری ژمارەیەك لە بەرپرسانی قاعیدە دەستگیركران. ئۆپەراسیۆنەكە ئەوەش دەردەخات كە سێ كەس بەناوی قاعیدە رەوانەی سووریا كراون.

لەكاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەكەدا‌ ئاسایش و هێمنی ئەو ناوچانەی ئۆپەراسیۆنەكەیان تێدا بەڕێوەدەچێت‌ بە شێوەیەكی تووند لە لایەن پۆلیسەوە پارێزراوە، بە بەشداری سەدان پۆلیس و هێلیكۆپتەری (سكۆرسكی) لە ناوچەكەدا.

باسی ئەوە دەكرێ كە چەند كەسێكی گومانلێكراو لەكاتی ئۆپەراسیۆنەكەدا هەڵاتوون، بەڵام ئیبراهیم شان دووەم بەرپرسی قاعیدە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خالیس بەیانجوك، كە یەكێكە لە بەرپرسانی قاعیدە لە توركیا دەستگیركران.

پاش كوشتنی حەبیب ئەكداش، بەرپرسی پێشووی قاعیدە لەلایەن پۆلیسەوە، ئیبراهیم شان ئەركی كۆكردنەوەی ئەندامانی قاعیدەبوو لە توركیا، بەمەش بووە بەرپرسی یەكەمی قاعیدە لەم ناوچەیە.

پاش دەستگیركردنی شان لە 2008 لە لایەن ئەمریكا و سزادانی بۆ ماوەی هەشت ساڵ و سێ مانگ دیسانەوە بەم ئۆپەراسیۆنەی توركیا دەستگیركرایەوە.

یەكێك لە تاكتیكەكانی قاعیدە بە شێوەیەكە كە هیچ شانەیەك شانەكەی دیكە ناناسێت، بەمەش مەترسی لەسەر گرتن و لە كارخستنیان كەمدەبێتەوە.

ئەو تاوانانەی ئاڕاستەی ئەم گرووپانە دەكرێت بریتییە لە: رەوانەكردنی ئەندامانیان بۆ مەبەستی شەڕكردن لە سووریا، ئاسانكردن و رێگەخۆشكردن بۆ ئەو كەسانەی كە رەوانەی سووریا دەكرێن لە ئەفغانستان و پاكستان، وەرگرتنی پارە لە خەڵك بەناوی زەكات بۆ ئەندامانیان لە سووریا.









رووداو
Top