ئۆباما: هەر گەمارۆیەكی نوێی كۆنگرێس لەدژی ئێران ڤیتۆ دەكەم
سەرۆكی ئەمریكا رۆژی یەكشەممە 12-1-2014 لە بەیاننامەیەكدا گوتی: "بە رێككەوتنێك كە ئەمڕۆ بۆ جێبەجێكردنی (بەرنامەی هەنگاوی هاوبەش) لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو راگەیەنرا،كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ یەكەمین جار بە درێژایی دە ساڵ، بە كردەوەیەكی دیاریكراو بۆ وەستاندنی بەرنامە ناوەكییەكەی و گەڕاندنەوە بۆ دواوەی هەندێك لە بەشە گرینگەكانی ئەو بەرنامەیە، رەزامەندی دەربڕی.
ئۆباما لەو بەیاننامەیەدا گوتوویەتی:"تا ئەو كاتەی ئێران بەڵێنەكانی بباتە سەر و ئێمە بتوانین بە رێگە چارەیەك بۆ بەرنامەی ناوەكی ئێران بگەین، بەشێك لە گەمارۆكان بەشێوەیەكی سنووردار كەمدەبێتەوە".
سەرۆكی ئەمریكا ئەوەشی گوتووە:"لەهەمانكاتدا، ئێمە بە تووندی سیستەمی گەمارۆكان لە دژی ئێران درێژە پێدەدەین و ئەگەر ئێران بەڵێنەكانی نەباتە سەر،ئێمە گەمارۆكان زیاد دەكەین".
ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی 5+1 (ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، رووسیا و چین لەگەڵ ئەڵمانیا)، لە ساڵی رابردوودا گەییشتنە رێككەوتنێكی كاتی بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوەكییەكانی ئێران.
بە پێی ئەو رێككەوتنانە، ئێران قبوڵی كردووە لە ماوەی 6 مانگدا بەشێك لە چالاكییە ناوەكییەكانی خۆی رابگرێت و لەبەرامبەریشدا وڵاتە زلهێزەكان لەو ماوەیەدا گەمارۆی نوێ نەخەنە سەر ئێران و هەندێك لە گەمارۆكانیش كەمبكەنەوە.
رووداو