ئاڵتان تان: بڕیاری دادگای سەربازی مایەی شەرمەزارییە

 ئاڵتان تان: بڕیاری دادگای سەربازی مایەی شەرمەزارییە
پەرلەمانتاری بەدەپە ئاڵتان تان لە بارەی بڕیاری دادگای سەربازی توركیابۆ داخستنی دۆسیەی كۆمەڵكۆژی رۆبۆسكی رایگەیاند ئەو بڕیارە مایەی شەرمەزارییە و قابیلی قەبووڵ نییە.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی دادگای سەربازی دیاربەكر رایگەیاند كە بە یەكجاری دۆسیەی كۆمەڵكۆژی رۆبۆسكی داخستووە، پەرلەمانتاری بەدەپە ئاڵتان تان ناڕەزایەتی خۆی دەربڕیوە و رایگەیاندووە كە ئەو بڕیارە بڕیارێكی هەڵەیە و لاپەڕەیەكی رەشە لە سەر دیموكراسیەت و سیستەمی یاسایی توركیا.

ئاڵتان تان گوتی: ئەمە شەرمەزارییە بۆ توركیا 34 گەنجی لە لایەن سوپاكەیەوە دەكوژرێن، لە سەرۆك وەزیر دەپرسین تۆ فەرمانی هێرشەكەت داوە دەڵێ نا. دەپرسین كێ ئەو فەرمانەی دەركردووە دەڵێ ئاشكرای ناكەم. سەردانی دادگا دەكەین دادگا دەڵێ چی بووە؟ كێ كوژراوە؟ كێ ئەوانەی كوشتووە؟ بۆ چی كوژراون؟

تان هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە ئەمە قەباحەتێكی گەورەیە بۆ توركیا و كورد تا 100 ساڵی دیكە هەر تۆڵەی خۆی دەكاتەوە.
Top