مورسی به‌ئاماده‌بوونی 20 هه‌زار ئه‌فسه‌رو پۆلیس دادگایی ده‌كرێت

مورسی به‌ئاماده‌بوونی 20 هه‌زار ئه‌فسه‌رو پۆلیس دادگایی ده‌كرێت
ده‌سه‌ڵاتدارانی میسر پلانی رێوشوێنی دادگایی كردنی محه‌مه‌د مورسی سه‌رۆكی له‌سه‌ركار لابراوی میسریان ئاشكراكرد كه‌بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌، ( 8 كانونی دووه‌می 2014 ) به‌ئاماده‌بوونی نزیكه‌ی 20 هه‌زار ئه‌فسه‌ر و پۆلیس به‌ڕێوه‌ بچێت.

له‌پرۆسه‌ی ده‌ستپێكردنی دانیشتنی دووه‌می دادگایی كردنی مورسی، هێزه‌ ئه‌منیه‌كان به‌نیازن پلانێكی توندوتۆڵیان هه‌بێت بۆ رایی كردنی دادگایی كردنه‌كه‌، ئه‌ویش به‌بڵاوه‌پێكردنی ژماره‌یه‌كی بێشومار له‌ ئه‌فسه‌ر و پۆلیسی سه‌ر به‌هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی میسر.

پلانه‌ ئه‌منیه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی میسر بۆ بڵاوه‌پێكردنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان، بۆئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی میسر له‌به‌رنامه‌یدایه‌، هه‌موو ئه‌و كوچه‌و كۆڵانانه‌ له‌هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بته‌نێت كه‌ده‌گه‌نه‌وه‌ سه‌ر شوێنی دادگایی كردنه‌كه‌ی مورسی، هه‌روه‌ك، پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی مورسی و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ی ئیخوان بۆ به‌رده‌م دادگا له‌ژێر كۆنترۆڵی وردی ئه‌منیدا ئه‌نجام بدرێت.

له‌به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی ناوخۆی میسر كه‌وێنه‌یه‌كی ده‌ست ئاژانسی هه‌واڵی سی ئێن ئێن كه‌وتووه‌، نابێت هیچ كه‌س له‌ هۆڵی دادگایی كردنه‌كه‌ی مورسی و هاوڕێكانی له‌دادگای ئه‌كادیمیای پۆلیس ئاماده‌ بێت، جگه‌ له‌ هه‌ڵگری بڕیاره‌كانی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی دادگاوه‌ ده‌ستنیشان كراوه‌، هه‌روه‌ك هێزه‌ ئه‌منیه‌كان راستوخۆ هه‌موو گردبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی له‌نزیك دادگا بڵاوه‌ پێ ده‌كه‌ن .

پلانی دادگایی كردنی مورسی و هاوڕێكانی داده‌نرێت به‌تۆكمه‌ترین پلانی رێوشوێنی ئه‌منی گیرابێته‌به‌ر له‌میسر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش نزیكه‌ی 5 بۆ 20 هه‌زار ئه‌فسه‌رو پۆلیس خراونه‌ته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پرۆسه‌ی دادگایی كردنی محه‌مه‌د مورسی سه‌رۆكی له‌سه‌ركار لابراوی میسر و 14 سه‌ركرده‌ی دیاری ناو ئیخوان موسلیمن جارێكی دیكه‌ ده‌ستپێده‌كات، كه‌ به‌تۆمه‌تی هاندان بۆ كوشتن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی هاوڵاتیان ده‌ستگییر كراون، به‌مه‌ش بۆ جاری دووه‌مه‌ داداگایی كردنی مورسی ئه‌نجام ده‌درێت.








خه‌ندان
Top