رەجەب تەیب ئەردۆغان: ئێمە بۆ خۆمان ئاژاوەگێڕەكانمان لە ئاك پارتی دەركرد

 رەجەب تەیب ئەردۆغان: ئێمە بۆ خۆمان ئاژاوەگێڕەكانمان لە ئاك پارتی دەركرد
سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی كۆبوونەوەیەكی جەماوەری لەگەڵ خەڵكی مانیسادا باسی هەڵمەتی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دەستلەكار كێشانەوەكانی نێو ئاك پارتی كرد و گوتی: ئێمە دەتوانین بە پشت بەستن بە دۆعای خەیری خەڵك هەمووی ئەو پلانگێڕیانە پۆچەڵ بكەینەوە.

ئەدرۆغان گوتی: چەند كەس و لایەنێك ویستان لە كاتی خۆپیشاندانەكانی گەزیدا ویست و داواكارییەكانی خۆیان بە سەر كۆمەڵگەدا بسەپێنن بەڵام سەركەوتوو نەبوون، بۆیە ئێستە لە رێگای دانانی پلانگێڕییەوە دەستیان بە هەوڵدان كردووە، بۆ ئەو مەبەستە دووبارە لە ئیستەنبۆڵ 300 تا 400 كەسێكیان كۆ كردووەتەوە، باوەر ناكەم ناتوانن سەر كەوتوو بن.

ئەردۆغان لە بەردەوامی قسەكانیدا راگەیاند من داوا لە كادرو ئەندامانی ئاك پارتی دەكەم دەبێ هەوڵ بۆ خزمەتكردن و كار كردن بدەن چونكە تەنیا بە كار كردن و خزمەتكردن دەتوانین ئەو پلانگێڕیانە پۆچەڵ بكەینەوە. كاتێك شەوی 30 ئادار لە شارەوانی مانیسا ئاشكرا كرا كە ئاك پارتی لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتووە ئەوا ئەو كاتە كۆتایی بەو پلانگێڕیانە دێت و ئاك پارتی سەركەوتوو دەبێ.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بارەی دەست لەكار كێشانەوەی ژمارەیەك پەرلەمانتار و ئەندامی ئاك پارتیدا گوتی: چەند كەس و چەند ئەندامێك دەڵێن دەستمان لە كار كێشاوەتەوە، راست نییە ئێمە وەك ئاك پارتی ئاژاوەگێڕەكانمان لە نێو پارتیدا دەركردووە، چونكە ئاك پارتی چی دیكە ناتوانێ لە نێو خۆیدا جێگا بۆ كەسی ئاژاوەگێڕ بكاتەوە.

ئەردۆغان لە بەردەوامی گوتارەكەیدا باسی لە هەڵمەتی بەگژداچوونەوەی گەندەڵیشی كرد و بەو جۆرە قسەكانی خۆی بەردەوام كرد: سەیر بكەین هەڵمەتی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، هەڵمەتێكە لە دژی توركیا و میلەتی تورك، شتی سەرنجڕاكێشتر كاتی دەستپێكردنی ئەو هەڵمەتەیە، ئەو هەڵمەتە لە عەرەفەی هەڵبژاردنەكاندا دەستی پێكردووە، با هەر كەس بزانێ ئەو هەڵمەتە نە بۆ دژایەتی كردنی شەخسی ئەردۆغانە نە بۆ دژایەتی كردنی ئاك پارتییە، بەڵكو بۆ دژایەتی كردنی ئیرادەی نەتەوەییە، لە دژی میلەتی توركە. چونكە چەند كەس و لایەنێك نایانەوێ توركیا بەهێز بێ، لە توركیا ئاشتی و ئارامی هەبێ، بۆیە دەستیان بە هەڵمەتێكی بەوجۆرە كردووە. بەداخەوە چەند كەس و لایەنێك هەوڵیان داوە لە نێو دەوڵەتدا شانبەشانی دەوڵەت پێكهاتەیەك بۆ خۆیان دابمەزرێنن، بە داخەوە ئەو جۆرە پێكهاتەیش دەیەوێ بە بیانووی پڕو پووچ بارودۆخی توركیا تێك بدا.
Top