ئیتڵاعاتی ئێران وێنه‌ی رێبه‌ری به‌ره‌ی نوسره‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

ئیتڵاعاتی ئێران وێنه‌ی رێبه‌ری به‌ره‌ی نوسره‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌
ئیتڵاعاتی ئێران وێنه‌ی رێبه‌ری به‌ره‌ی نوسره‌ له‌ سوریا بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ سه‌ر به‌ رێكخراوی توندڕه‌وی ئه‌لقاعیده‌یه‌.
ته‌له‌ڤزیۆنی ئه‌لعاله‌م بڵاوی كرده‌وه‌ هێزه‌كانی ئیتڵاعاتی ئێران توانیان چه‌ندین به‌ڵگه‌ی نهێنی له‌باره‌ی ئه‌بوومحه‌مه‌د ئه‌لجه‌ولانی رێبه‌ری به‌ره‌ی نوسره‌ ده‌ست بخه‌ن و وێنه‌كه‌ی بڵاوبكه‌نه‌وه‌.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ بڵاویشی كرده‌وه‌ ئه‌و دۆكیۆمێنت و به‌ڵگانه‌ پاش ده‌ستگیركردنی چه‌ند ئه‌ندامی ئه‌و به‌ره‌یه‌ كه‌ فه‌رمانده‌ی به‌ره‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق و شام بوون ئاشكرا بووه‌.
به‌شێك له‌و به‌ڵگانه‌ چه‌ند نامه‌یه‌كی جه‌ولانییه‌ به‌ خه‌تی خۆی كه‌ باس له‌ چۆنێتی به‌رێوه‌بردنی ئه‌و به‌ره‌یه‌ له‌ناو سوریا ده‌كات. هه‌روه‌ها ناوی چه‌ندین فه‌رمانده‌ی به‌ره‌ی نوسره‌ له‌ نامه‌كاندا هاتووه‌.
جه‌ولانی خه‌ڵكی سوریایه‌ و ئیتڵاعاتی ئێران ده‌ڵێ هه‌موو كاروباره‌كانی به‌ره‌ی نوسره‌ له‌ رێی نامه‌ و به‌خه‌ت و واژۆی خۆی ده‌نووسێ، وه‌ك رێبه‌رانی تری ئه‌لقاعیده‌ بیر ده‌كاته‌وه‌ و پێیوایه‌ شیعه‌كان رافزین و ده‌بێ بكوژرێن.
له‌ یه‌كێك له‌ نامه‌كاندا، جه‌ولانی نیگه‌رانی خۆی له‌ خه‌یانه‌ت و كوتله‌كارییه‌ فه‌رمانده‌كان له‌ناو به‌ره‌كه‌یدا ده‌ربریوه‌ و رایگه‌یاندووه‌ متمانه‌ی به‌ ژماره‌یه‌ك له‌ فه‌رمانده‌كانی نییه‌.
له‌ نامه‌یه‌كی تردا ئاماژه‌ی به‌ خاڵه‌ لاوازه‌كانی به‌ره‌ی نوسره‌ له‌ناو خاكی سوریا كردووه‌.
ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌ندامانی به‌ره‌ی نوسره‌ له‌ سوریا گه‌نجانی باشووری كوردستانن و چه‌ند مانگ پێش ئێسته‌ چه‌ند گه‌نجێكی ناو ئه‌و به‌ره‌یه‌ به‌ زمانی كوردی هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ پارتی و یه‌كێتی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردبوو كه‌ شه‌ڕه‌كانی به‌ره‌ی نوسره‌ بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌گوازنه‌وه‌.







باسنیوز
Top