حكوومەتی میسر دەستی بە سەر زیاتر لە 1130 ناوەندی رێكخراوی ئیخوانەكان دا گرت

 حكوومەتی میسر دەستی بە سەر زیاتر لە 1130 ناوەندی رێكخراوی ئیخوانەكان دا گرت
دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی میسر كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمینی بە گروپێكی تیرۆریستی ناوزەد كرد، ئێستا وەزارەتی ناوخۆی میسر بە توندی رووبەرووی ئەو گرووپە بۆتەوە، هاوكات عەبدولفەتاح سیسی رایگەیاند كە هەوڵەكانیان بۆ رووبەرووبونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبن و هەروەها وەزارەتی دەرەوەی میسریش ئاشكرای كرد كە كۆمكاری عەرەبی لە بڕیاری خۆی لەبارەی كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین ئاگادار كردەوە.

لەلایەكی دیكەوە حكوومەتی میسر لە هەڵمەتێكدا بۆ نەهێشتی بنكە و بارەگاكانی ئیخوان موسلیمین لەو وڵاتە دەستی بەسەر 1130ی ناوەندی رێكخراوی ئیخوان موسلیمین داگرت.

لە شەڕو پێكدادانەكانی دوێنێی نێوان هێزە ئەمنییەكانی میسر و خۆپیشاندەرانی لایەنگرانی ئیخوان موسلیمین زیاتر لە90كەس كوژران و برینداربوون. لەم بارەیەوە ئاژانسی دەنگوباسی رۆژهەڵاتی میسر بڵاوی كردەوە، دوای ئەوەی دوێنێ لە دوای نوێژی هەینی خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەلایەن لایەنگرانی ئیخوان موسلیمینەوە لە زۆربەی شارەكانی ئەو وڵاتە دەستی پێكرد، هێزە ئەمنییەكان بەگژ خۆپیشاندەران چوونەوە و دواتر شەڕو پێكدادان لە نێوان هەر دوولادا روویداو لە ئاكامدا 4 كەس كوژران و پتر لە 87 كەسی دیكە برینداربوون .

بە گوێرەی بەیاننامەیەكی وەزارەتی ناوخۆی میسرش، لە میانەی شەڕو پێكدادانەكاندا هێزە ئەمنییەكان 265 كەسی لە لایەنگرانی ئیخوانییەكان دەستگیر كرد كە بیست و هەشتیان ئافرەتن. ئەمەش لە كاتێكدایە حكوومەتی میسر ئیخوان موسلیمینی بە فەرمی بە گروپێكی تیرۆریستی ناساندووە.
Top