كۆمسیۆنی ئامادەكاری دەستوری توركیا هەڵوەشێندرایەوە
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی بیانێت بڵاویكردەوە كە كۆمسیۆنی ئامادەكاری دەستوری نوێی توركیا رۆژی چوارشەممە كۆ بوویەوە، نوێنەرانی هەریەك لە بەدەپە، جەهەپە و مەهەپە لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەبوون، بەڵام نوێنەرانی ئاكەپە بەشداریان لەو كۆبوونەوەیەدا نەكرد.
ئەمە جاری سێیەمە كە نوێنەرانی ئاكەپە بەشداری لە كۆبوونەوەكانی كۆمسیۆنی ئامادەكاری دەستوری نوێی توركیا ناكەن، بۆیە كۆمسیۆن لە دوایین كۆبوونەوەی خۆیدا بە رەسمی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی دەركرد و كۆتایی بە كارەكانی هێنا.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە پێشتر سەرۆكی ئاكەپە و سەرۆك وەزیرانی توركیا گوتبووی ئەگەر كۆمسیۆن نەتوانێت دەستوری نوێ ئامادەبكات، ئەوە رەشنووی ئامادەكراوی ئاكەپە دەخەنە ریفراندۆمەوە.