ئەردۆغان: ئۆپەراسیۆنی دژی گەندەڵی تەنیا زیانی به‌ تورکیا گەیاندووه‌

 ئەردۆغان: ئۆپەراسیۆنی دژی گەندەڵی تەنیا زیانی به‌ تورکیا گەیاندووه‌
سەرۆكوەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رۆژی چوارشەممە لە ئەنقەرە بەشداری لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەری كرد و گوتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند كە ئۆپەراسیۆنی دژی گەندەڵی بێجگە له‌ زیان هیچ سوودێكی بۆ توركیا نەبووە و نابێت.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی تی ئار تی بڵاویكردەوە كە سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاندووە كە ئۆپەراسیۆنی دژی گەندەڵی كە رۆژی 17ی ئەم مانگە لە ئیستەنبۆڵ سازكرا، گورزێك بووە كە لە برایەتی و ئارامی توركیا وەشێندراوە و هیچ سوودێكی بۆ توركیا نەبووە.

ئەردۆغان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی ئەوەی كردووە كە لە ماوەی 9 رۆژدا زیانی هەڵك بانكی توركیا بە هۆی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە یەك ملیار و 625 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، كە ئەمەیش زیانێكی یەكجار گەورەیە و قەرەبوو كردنەوەی ئاسان نابێت.

ئەردۆغان جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە هەر لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا كۆمپانیا كراوەكان بۆ گەل لە ماوەی 9 رۆژدا زیاتر لە 20 ملیار دۆلار زەرەریان پێگەیشتووە و ئەو زیانه‌ش بۆ ئابووری توركیا و گوزەرانی خەڵك كاریگەری زۆر مەترسیداری دەبێت.
Top