لەباشووری سودان شەڕ بەردەوامە و 3 گۆڕی بە كۆمەڵیش دۆزرانەوە
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە كە نافی بیلای كۆمسیاری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافی مرۆڤ لەبەیاننامەیەكدا جەختی لەوە كردۆتەوە كە لەچەند ڕۆژی رابردوودا تیمەكانی مافی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان، گۆڕێكی بەكۆمەڵیان لە ویلایەتی وەحدە لە باشووری سودان دۆزیوەتەوە كە تەرمی حەفتاو پێنج كەسی تێدا بووە، لە ناوچەی جوباش دوو گۆڕی بەكۆمەڵی دیكەیان دۆزیوەتەوە، سەرجەم ئەو تەرمانەش كە لەو گۆڕانەدابوون، لەدەرەوی دادگاو بەمەبەستی پاكتاوی ڕەگەزیی لەلایەن فەرماندە سەربازییەكان و سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتەوە كوژراون.
بە پێی ئەو لێكدانەوانە كە تۆبی لانزەر رێكخەری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی لە باشووری سوودان لە بارەی ژمارەی كوژراوانی شەڕی ناوخۆی سوودان لێكی داوەتەوە، تا ئێستا بە هەزاران كەس بە هۆی شەڕی ناوخۆی باشووری سوودانەوە كوژران.
لانزەر ئەوەی رەت كردەوە كە لەم قۆناغەی ئێستادا ژمارەی كوژراوانی شەڕی ناوخۆی سوودان سەدان كەس بێت وەك پێشتر رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بڵاویان كردەوە و رێكخەری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی لە باشووری سوودان ئەوەی دووپات كردەوە كە ژمارەی كوژراوانی شەڕی ناوخۆی سوودان لە دە رۆژی رابردوو تا ئێستا هەزاران كەسی تێپەراندووە.
لەلایەكی دیكەوە لە بەردەوامی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ چارەسەركردنی رەوشی ناوخۆی سوودان لە رێگای سەربازییەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە كۆبوونەوەیەكدا بە كۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنەكە رەزامەندی لەسەر ڕەوانەكردنی هێزی زیاتری ئاشتیپارێز بۆ باشووری سوودان نیشان دا، بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی 973 سەرباز و پۆلیس لە چوارچێوەی هێزەكانی ئاشتیپارێز ڕەوانەی باشووری سوودان دەكات و بەمەش ژمارەی سەربازانی هێزەكانی ئاشتیپارێز لە باشووری سوودان بۆ دوازدە هەزارو پێنج سەد سەرباز بەرز دەبێتەوە و هەروەها ژمارەی پۆلیسەكانیش دەبێتە هەزارو سێسەدو بیست و سێ پۆلیس و ئامانجیش لە زیادكردنی سەربازان و پۆلیسەكانی هێزەكانی ئاشتیپارێز لە باشووری سوودان ئەوە ئەو هێزانە بتوانن شەر لە نێوان حكوومەتی باشووری سوودان و لایەنگرانی ریك مشار جێگری سەرۆكی باشووری سوودان رابگرن.
پێشتریش بان كی مۆن سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد كە سەربازی و پۆلیسی زیاتر لە چوار چێوەی هێزەكانی ئاشتیپارێز ڕەوانەی باشووری سوودان بكات. لەلایەكی دیكەوە لە چوار چێوەی هەوڵە دیبلۆماتییە نێودەوڵەتییەكان بۆ چارەسەركردنی رەوشی ناوخۆی باشووری سوودان، حكوومەتی چین داوای لە گشت لایەنەكانی باشووری سوودان كرد كە بە پەلە شەڕی نێوانیان رابگرن و هەوڵ بدەن بە رێگای ئاشتی كێشە و گرفتەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە، پەكین زۆر بە گرنگی و وردبینیەوە دەروانێتە رەوشی ناوخۆی باشووری سوودان و پێویستە هەموو لایەنە بەشداربووەكانی شەڕی ناخۆی ئەو وڵاتە شەڕو تەقە لە نێوانیان رابگرن و بە رێگای وتوێژەوە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن.