بانكی موون: دەمانەوێ ئێران بەشداری لە كۆنفرانسی جنێڤ2 بكات

 بانكی موون: دەمانەوێ ئێران بەشداری لە كۆنفرانسی جنێڤ2 بكات
سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان بانكی موون لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: بۆ كەمكردنەوەی ئێش و ئازاری خەڵكی سوریا ئەوەی لە دەستمان بێ دەكەین. بەردەوامین لە ئامادەكارییەكانی بەستنی كۆنفرانسی جنێڤ2. لیستی بەشداربووانی كۆنفرانس ئامادە كراوە، دوای چەند رۆژێكی دیكە داوەت نامە بۆ بەشداربووان دەنێرین. لە بارەی بەشداریكردنی ئێران لەو كۆنفرانسە هێشتا گفتوگۆكان نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك.

بانكی موون لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: ئێمە وەكو نەتەوەیەكگرتووەكان پێمان خۆشە ئێران بەشدار بێ، چونكە ئێران لە ناوچەكەدا خاوەن رۆل و پێگەیەكی گرنگە. ئەگەر لە رووی مەنتێقیشەوە سەیری بكەین بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئامادەبوونی ئێران لە كۆنفرانسی جنێڤ2 واجبە. بەڵام لە بارەی بەشداربوونی ئێران لەو كۆنفرانسەدا لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكاندا ناكۆكی هەیە. هیوادارم لە ماوەیەكی كۆرتدا ئەو ناكۆكییانە چارەسەر بكرێن. هەروەها داوا لە ئێران دەكەم پشتگیری لەو دانووستانانە بكا كە بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا بەردەوامن.

موون هەروەها داوای لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا كرد تا بە نوێنەرایەتییەكی بەهێزەوە بەشداری لە كۆنفرانسی جنێڤ 2 بكا، هەر چەند گفتوگۆكان ئاسان نابن، بەڵام بێجگە لە دانووستان هیچ رێگاچارەیەكی دیكەمان نییە، چونكە ئەگەر واز لە دانووستان بهێنین ئەوا لە بەرامبەرماندا گولی خوێن هەیە.
Top