سەرۆكی دامەزراوەی كۆنگرەی جیهانیی جولەكە كۆچی دوایی كرد

 سەرۆكی دامەزراوەی كۆنگرەی جیهانیی جولەكە كۆچی دوایی كرد
دوێنێ شەممە ملیاردێری ئەمەریكی بە رەگەز كەنەدی ئێدگار برۆنفمان كە ماوەیەكی زۆر سەرۆكی دامەزراوەی كۆنگرەی جیهانیی جولەكە بوو، لەتەمەنی 84 ساڵیدا كۆچیدوایی كرد.

دامەزراوەی ساموئێڵ برۆنفمان كە خودی برۆنفمان سەرۆكایەتی دەكرد بڵاویكردەوە، سەرۆكەكەی لەماڵەكەی خۆی لەشاری نیۆرك لەتەنیشت خێزانەكەی كۆچیدوایی كردووە.

برۆنفمان لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 1929 لەشاری مۆنتریاڵ لە كەنەدا لەدایكبووەو سەرەتای دەوڵەمەندبونیشی بەهۆی خێزانەكەیەوە بووە كە ئیمپراتۆریەتێكی تایبەت بە خواردنەوە كحولییەكانی هەبووە بەناوی سیگرام.

برۆنفمان لەساڵی 1957 چووەتە ناو تۆڕی بازرگانیی خێزانەكەیەوەو لە 1971 بووەتە سەرۆك و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئیمپراتۆریەتەكەو بەردەوام بووە لەكاركردن بۆ ساموئێڵی باوكی.

سیگرام لەژێر سەركردایەتی برۆنفمان سیگرام فراوان بووە تا ساڵی 2000 كە گروپی پەیوەندی و میدیای ڤیڤێندی یونیڤێرساڵ كە فەرەنسی بووە، بووەتە خاوەنی.

سامانە بێشومارەكەی برۆنفمان كە تەنها لەساڵی 2011دا خاوەنی دوو ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری پەتی بووە، پەیوەندی بەو رۆڵەوە هەبووە كە لەكۆنگرەی جیهانیی جولەكە هەیبووە كە كۆمەڵە رێكخراوێكی جولەكە لەخۆدەگرێت و لەنزیكەی 80 وڵاتدا هەن و لەساڵی 1979 بۆ 2007 سەرۆكی بووە.

برۆنفام كە جولەكە بووە، لەساڵی 1959 بووەتە هاوڵاتییەكی ئەمەریكی و لە 1999 سەرۆك بیڵ كلینتۆن مەدالیای سەرۆكایەتی بۆ ئازادی پێداوە كە گەورەترین رێزلێنانی مەدەنییە لەئەمەریكا.

برۆنفمان پارێزەرێكی ماندونەناسی هاوئاینییەكانی بووەو كاری لەپێناو مافە بنچینەییەكانی جولەكەدا كردووە.

لەساڵی 1985 بووەتە یەكەم سەرۆكی كۆنگرەكە كە چاوی بە بەرپرسانی مۆسكۆ بكەوێت و لەساڵی 1988 جارێكی تر سەردانی مۆسكۆی كردووەو سەردانەكانیشی پەیوەنییان بە دۆزی جولەكەوە هەبووە.

لەماوەی ساڵەكانی 1980كان بۆ 1990ەكان، كۆنگرەكەی رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لەبەدەستهێنانی 11 ملیار دۆلار بۆ میراتگرانی قوربانیانی هۆڵۆكۆست كە بەدەستی هێزە نازییەكانی ئەڵمانیا، لەمیانەی جەنگی جیهانی دووەمدا تیاچوون.

لە 1975 كاتێك ساموئێلی دووەمی تەمەن 21 ساڵ، كوڕی برۆنفمان لەدەوروبەری نیۆرك رفێنرا، خێزانی ئەم ملیاردێرە بووە سەردێڕی هەواڵەكان. خێزانەكە لەو پێناوەدا دوو ملیۆن و 300 هەزار دۆلاریان وەك فیدیە داو دواتر لەمیانەی هێرشێكی دەسەڵاتداران بۆ سەر باڵەخانەیەكی ناوچەی بڕوكڵین-ی دەوروبەری نیۆرك توانرا دەست بەسەر پارەكەشدا بگیرێت و دوو كەسیش دەستگیركران.

لە 1976 لەمیانەی دادگاییكردندا، دەستەی بەرگری ساموئێڵیان بەوە تۆمەتباركرد كە خودی خۆی پرۆسەی رفاندنەكەی رێكخستووە لەپێناو پارەدا بەڵام كوڕەكەی ئەم ملیاردێرە ئەوەی رەتكردوە.
Top