سەرۆكی پێشووتری كۆمكاری عەرەبی كۆچی دواییكرد
عیسمەت عەبدولمەجید، ئەمینداری گشتیی پێشووتری كۆمكاری عەرەبی شەوی شەممە لەسەر یەكشەممە لە قاهیرەی پایتەختی میسرو لە تەمەنی 90 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.
عیسمەت عەبدولمەجید لە ساڵی 1923 لە شاری ئەسكەندەرییەی میسر لە دایكبووەو بڕوانامەی ماستەری لە مافپەروەری لە زانكۆی ئەسكەندەرییە بەدەستهێناوەو دواتر چەند بڕوانامەیەكی دبلۆمی لە زانكۆی پاریس لە بواری یاسا و ئابووری و زانستە سیاسییەكان بەدەستهێناوە. دواتر لە ساڵی 1951 بڕوانامەی دكتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتی بەدەستهێنا.
عیسمەت عەبدولمەجید لە ساڵی 1954 لە دانوستاندنەكانی میسرو بەریتانیا بۆ دەركردنی هێزەكانی بەریتانیا لەو وڵاتە بەشداربوو، هاوكات لە ساڵی 1957 لە دانوستاندنەكانی نێوان میسر و فەرەنسا بۆ گەڕاندنەوەی پەیوندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەشداربوو. دواتر عیسمەت عەبدولمەجید لە ساڵی 1972 بۆ ماوەی 11 ساڵ نێردراوی میسر بوو لە نەتەوەیەكگرتووەكان.
ناوبراو لە ساڵی 1984 تاوەكو ساڵی 1991 بووە وەزیری كاروباری دەرەوەی میسر و جێگری سەرۆك وەزیرانی میسر لە ساڵی 1985 و لە ساڵی 1991 تاوەكو ساڵی 2001 بووە ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی.
بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە تەرمی عیسمەت عەبدولمەجید لە قاهیرەی پایتەختی وڵاتی میسر بنێژرێ.
رووداو