هوداپار: دەوڵەتی توركیا ناچار دەبێ دان بە راستی كوردستاندا بنێت

 هوداپار: دەوڵەتی توركیا ناچار دەبێ دان بە راستی كوردستاندا بنێت
گوتەبێژی پارتی دۆزی ئازاد ( هوداپار) و جێگری سەرۆكی گشتی ئەو پارتەسەعید شاهین رایگەیاند كە توركیا پێشتر ئامادە نەبوو دان بە راستی كورددا بنێت، بەڵام ئەمڕۆ دانی بە هەبوونی كورددا ناوە.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی حورسەدا بڵاویكردەوە كە جێگری سەرۆكی گشتی هوداپار و گوتەبێژی ئەو پارتە سەعید شاهین رایگەیاند كە دەوڵەتی توركیا بە هۆی سیاسەتی نكۆڵی كردن لە كورد ساڵانێكی درێژ ئامادە نەبووە دان بە هەبوونی كورددا بنێ بەڵام بە هۆی گۆڕانی بارودۆخ و هاوسەنگییەكانەوە دەوڵەت بە ناچاری دانی بە هەبوونی كورددا ناوە.

سەعید شاهین ئاماژەی بەوە كردووە كە هەر چەند ئێستە كاتێك باسی پرسی كورد و كوردستان بكرێ هەمووی سیاسەتمەدارەكانی توركیا دەبنە یەك و هەڵوێستێكی یەكگرتوو دەنوێنن، بەڵام ئەو هەڵوێستە ناتوانێ هەتا هەتایە بەردەوام بێت. چونكە ئەمڕۆ توركیا نكۆڵی لە كوردستان دەكات نەك نكۆڵی لە گەلی كورد، ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر نكۆڵی لە كوردیشی دەكرد بەڵام بە ناچاری دانی بە هەبوونی كورددا نا و لە داهاتوویشدا هاوسەنگییە سیاسییەكانی ناوچەكە و جیهان وا دەكەن كە دەوڵەتی توركیا بە ناچاری دان بە هەبوونی كوردستانیشدا بنێت و لەگەڵ گەلی كوردستانیشدا ئاشت ببێتەوە.
Top