ئۆپۆزسیۆنی سوریا : ئه‌سه‌د له‌ شوێنی خۆی ده‌مێنێته‌وه‌

ئۆپۆزسیۆنی سوریا : ئه‌سه‌د له‌ شوێنی خۆی ده‌مێنێته‌وه‌
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئه‌وه‌یان ئاشكراكرد كه‌ وڵاتانی خۆرئاوا به‌نیاز نین له‌كۆبوونه‌وه‌ی جنێڤ 2 باس له‌دوورخستنه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د بكه‌ن له‌پۆستی سه‌رۆكایه‌تی سوریا، گوایه‌ رێچۆڵ ده‌بێت گروپه‌ تونده‌ڕه‌وه‌كان ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست له‌و وڵاته‌دا.

سه‌رچاوه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا به‌ ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رزیان راگه‌یاند، وڵاتانی خۆرئاوا نامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ی ئۆپۆزسۆن كردووه‌ و تیایدا ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌ كه‌ مه‌رج نیه‌ كۆنگره‌ی جنێڤ 2 بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی قه‌یرانی سوریا، به‌ دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌سه‌د له‌ده‌سه‌ڵات كۆتایی بێت، به‌ڵكو به‌هۆی فراوانبوونی ده‌سه‌ڵاتی گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان و ده‌ستگرتنیان به‌سه‌ر ده‌روازه‌یه‌كی سنوری و جبه‌خانه‌ی چه‌كی سوپای رژێمه‌كه‌ی سوریا له‌نزیك توركیا، مه‌ترسی ئه‌وه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌ ئاینده‌ی ده‌سه‌ڵاتی سوریا بكه‌وێته‌ ده‌ست ئه‌و گروپه‌ توندڕه‌وانه‌.

هه‌ر له‌نامه‌كه‌دا كه‌ ئاراسته‌ی سه‌ركرده‌كانی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا كراوه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی گروپی هاوڕێیانی سوریا له‌ له‌نده‌ن، ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌سه‌د له‌هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا، ئاژاوه‌ و بێسه‌ره‌وبه‌ره‌یی سه‌رهه‌ڵده‌دات به‌هۆی ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی توندڕه‌وه‌كان به‌سه‌ر وڵاتدا.

له‌نامه‌كه‌دا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش باسی لێوه‌كراوه‌ كه‌ پێده‌چێت دوای ته‌واوبوونی واده‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی، ئه‌سه‌د به‌ڕه‌سمی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجام بدات، هه‌روه‌ك ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش دوور نیه‌ كه‌ جارێكی دیكه‌ ئه‌سه‌د خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكی وڵات هه‌ڵبژێرێته‌وه‌.

سوپای رژێمی سوریا، چه‌ندین جار چه‌كی كیمیاوی دژی هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی به‌كارهێناوه‌، ئه‌مه‌ش وایكرد كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رنامه‌ بۆ له‌ناوبردنی چه‌كه‌ كیمیاوییه‌كه‌ی سوریا دابنێت، دوای ناردنی تیمی پشكنینی چه‌كی كیمیاویی بۆ سوریا و ئاشكراكردنی جبه‌خانه‌ كیمیاویه‌كه‌ی ئه‌و وڵاته‌دا.







خه‌ندان
Top