سوریا .. ژماره‌ی كوژراوانی دوێنێ دووشه‌ممه‌ له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ گه‌یشته‌ 78 كه‌س و بۆردومان و شه‌ڕ وپێكدادان به‌رده‌وامه‌

 سوریا .. ژماره‌ی كوژراوانی دوێنێ دووشه‌ممه‌ له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ گه‌یشته‌ 78 كه‌س و بۆردومان و شه‌ڕ وپێكدادان به‌رده‌وامه‌
شه‌رو پێكدادانه‌كان له‌ سوریا به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و ژماره‌ی كوژراوانی دوێنێش گه‌یشته‌ 78 كه‌س . ته‌نها له‌ شاری حه‌له‌ب به‌هۆی بۆردومانێكی قورسی ئه‌م شاره‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی رژێمه‌وه‌ به‌لایه‌نی كه‌م 30 كه‌س كوژراو به‌ ده‌یه‌ها كه‌سی دیكه‌ بریندار بوون كه‌ ته‌نها له‌ قوتابخانه‌یه‌ك 18 كه‌س كوژرا كه‌ قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانه‌یه‌كی گه‌ره‌كی ئینزارات بوو .

له‌ شاری ده‌رعاش به‌هۆی هێرشی مووشه‌كی و هێرشه‌ ئاسمانیه‌كانی رژێم به‌لایه‌نی كه‌م 5 كه‌س كوژراو به‌ ده‌یه‌ها كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون . به‌پێی گوته‌ی چالاكوانان ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر بۆردومانی هێزه‌كانی رژێم به‌تایبه‌تی گه‌ره‌كه‌ بچووكه‌كان به‌ ته‌واوی ویچرانی پێوه‌ دیاره‌ .

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌رنامه‌ی خۆراكی جیهانی رایگه‌یاند كه‌ نزیكه‌ی نیوه‌ی دانیشتووان له‌ ناوه‌خۆی سوریا دووچاری برسیه‌تی هاتوون ، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ روونیكرده‌وه‌ كه‌ برسیه‌تی هه‌ره‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ گه‌لی سوریا ده‌كات . به‌رنامه‌ی خۆراكی جیهانی له‌ دیمه‌شق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی رێكخراوه‌كه‌یان نزیكه‌ی له‌ %50ی دانیشتوانی سوریا به‌هۆی برسیه‌تییه‌وه‌ ده‌ناڵن كه‌ نزیكه‌ی 6 ملیۆن و 300 هه‌زار كه‌س ده‌بێت كه‌ پێویستیان به‌ یارمه‌تی مرۆیی هه‌یه‌ . رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ نرخی نان به‌ رێژه‌ی سه‌دا 500 له‌ سوریا به‌رز بۆته‌وه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ره‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر گه‌لی سوریا .

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ بان كی مۆن سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان رایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی كۆنگره‌ی جنێڤ دوو كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی داهاتوو ده‌ست به‌ كاره‌كانی بكات بۆ كۆتایی هێنان به‌ قه‌یرانی سوریا ، جه‌نگ له‌م وڵاته‌ بوه‌ستێت . ئیئتیلافی نیشتیمانی هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌ سوریا له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ خه‌ریكی دیاریكردنی ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ شاندی ئۆپۆزسیۆن پێك ده‌هێنن و به‌شداری كۆنگره‌ی جنێڤ دوو ده‌كه‌ن .

بان كی مۆن له‌ نیویۆرك له‌ لێدوانێكدا به‌ رۆژنامه‌وانانی راگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ سیاسییه‌كان له‌ جنێڤ شه‌رو پێكدادان بوه‌ستێت و جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ گه‌لی سوریا ناتوانێت ته‌نها بۆ یه‌ك رۆژیش زیاتر به‌رگه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ بگرێت كه‌ سوریا پێی تێپه‌ر ده‌بێت . روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ له‌و نزیكانه‌ داوه‌تنامه‌كان ئاراسته‌ی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ ده‌كرێـت كه‌ به‌شداری كۆنگره‌كه‌ ده‌كه‌ن .

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌در جاموس ئه‌مینداری گشتی ئیئتیلافی سوریا راگه‌یاند كه‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ده‌سته‌ی سیاسی ئیئتیلافی نیشتیمانی له‌ ئه‌سته‌نبوڵ به‌رده‌وامه‌و هیوای خواست كه‌ له‌و دوو رۆژه‌ی داهاتوودا شاندی ئۆپۆزسیۆن ده‌ستنیشان بكه‌ن بۆ به‌شداری كردن له‌و كۆنگره‌یه‌ .
Top