لە ئۆكرانیا خۆپیشاندان بەردەوامە و ئەوروپاش پەیوەندییە ئابوورییەكانی پچڕاند
هەر لە گرتبوونەوەكەدا خۆپیشاندەران داوایان لە یانۆكۆڤیچ كرد لەو كاتەی سەردانی رووسیا دەكات نەگەڕێتەوە وڵات چونكە بە تێروانینی ئەوان ئەگەری ئەوە هەیە لەم سەردانەدا یانۆكۆڤیچ وڵاتەكەی بە رووسیا بفرۆشێت. هاوكات ستیڤان ڤۆلی كۆمیسیاری یەكێتی ئەورووپا بۆ كاروباری فراوانی ئەورووپا رایگەیاند: یەكێتی ئەورووپا هۆشداری هەڵپەساردن و هەڵوەشانەوەی رێككەوتنی بازرگانی و ئابووری داوەتە حكوومەتی ئۆكرانیا گەر بەم زووانە قەیرانی ناوخۆی ئەو وڵاتە چارەسەر نەكات.
لەلایەكی دیكەوە بەر لەوەی خۆپـیشـاندانێـكی گەورە لە پایتەختی ئۆكرانیا بەڕێوەبچێت بە مەبەسـتی گوشـارخستنە سەر حكومەت تاوەكو دەسـتبەرداری دەسەڵات بـبێت، سیناتۆری ئەمەریكایی جۆن مەككەین لەگەڵ ڕێبەرانی حكومەت و ئۆپـۆزسیۆنی ئەو وڵاتە كۆبووەوە.
سیناتۆر جۆن مەكـكەین پـشـتیوانی خۆی بۆ خۆپـیشـاندەران دەربڕی كە لە سێ هەفتە لەمەوبەرەوە كۆنترۆڵی ناوجەرگەی شـاری كێیڤ پایتەختی ئۆكرانیایان كردووە.
سیناتۆر جۆن مەكـكەین دەڵێت زۆر شـانازی دەكات بە گەلی ئۆكرانیاوە بۆ ئەو كارەی دەیكات لە پـێناو سەقامگیركردنەوەی دیموكراسی لە وڵاتەكەیاندا.
مانگی ڕابردوو خۆپـیشـاندان لە ئۆكرانیا دەسـتیپـێـكرد دژی بڕیارێـكی سەرۆكایەتی وڵاتەكە سەبارەت بە كشانەوە لە ڕێـكەوتنێـكی سەرەكی بازرگانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپادا.
كێیڤ دەڵێت لە بری ئەو ڕێـكەوتنە سەنگی دەخاتە سەر باشتر و تۆكمەكردنی پەیوەندیـیە ئابوریـیەكان لەگەڵ ڕووسیادا.
لایەنەكانی ئۆپـۆزسیۆن لەگەڵ ئەو هەڵوێسـتەی حكومەتدا نین. مۆسـكۆ هیچ تێبینیەكی ڕاستەوخۆی نەداوە لەسەر سەردانەكەی مەكـكەین بۆ ئۆكرانیا، بەڵام سێرگێ لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گوتویەتی حكومەتەكانی ڕۆژئاوا پـێدەچێت هەسـتی هەڵوێسـتی ڕیالیستیكانەیان لەدەسـتدابێت لە سۆنگەی ئەو ناڕەزایـیەی هەیانە بەرامبەر بە هەنگاوی ئۆكرانیا بە ئاڕاستەی ڕووسیادا