سوپای ئێران لە دژی رێككەوتنی جنێڤە

 سوپای ئێران لە دژی رێككەوتنی جنێڤە
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران ناڕەزایەتی سوپای لە بەرامبەر رێككەوتنی ئێران و وڵاتانی ئەندامی 1+5 نیشان دا و رایگەیاند ئێران لەو رێككەوتنەدا زەرەرمەند بووە.

لەمبارەیەوە دوێچەوێلە بڵاویكردەوە كە فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران محەمەد عەلی جەعفەری لە كاتی پێشكەش كردنی گۆتارێك لە یەكێك لە مزگەوتەكانی تاراندا رەخنەی توندی لە حكوومەت كردووە و رایگەیاندووە كە ئێمزا كردنی رێككەوتن لە گەڵ وڵاتانی ئەندامی گروپی 1+5 زەرەری زۆری بە ئێران گەیاندووە.

محەمەد عەلی جەعفەری ئاماژەی بەوە كردووە كە بۆ ئیمزا كردنی ئەو رێككەوتنە ئێران بۆ گەیشتن بە چەند شتی لاوەكی سازشی لە سەر زۆر شتی گرنگ كردووە و ئەمەیش قابیلی قەبووڵ نییە بۆ سوپا.

جەعفەری جەختی لەوە كردووەتەوە كە لە ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنەدا مافی پتاندنی یورانیۆم بۆ ئێران نەماوە و ئێران ناچار كراوە كە چی دیكە پەرە بە بەرنامەی ئەتۆمی خۆی نەدا و دەرگای هەموو وێستگە و ناوەندە ئەتۆمییەكانی هەمیشە بۆ لێكۆڵەرە بیانییەكان بكاتەوە، ئەمە بە مانای سازش كردنی ئێران لە سەر چەندین مافی سەرەكی خۆیە.
Top