ئەزهەر، ئەندامێتی یوسف قەرزاوی لەدەستەی باڵا هەڵدەوەشێنێتەوە

ئەزهەر، ئەندامێتی یوسف قەرزاوی لەدەستەی باڵا هەڵدەوەشێنێتەوە
دەستەی باڵای زانایانی ئیسلامی لە ئەزهەر لە میسر، بڕیاریدا ئەندامێتی یوسف قەرزاوی بە قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەكەی لە دەستەكە هەڵبوەشێنێتەوە ، ئەوەش بەهۆی لێدوانەكانی قەرزاوی دژ بە میسر‌و ئەزهەر.

ئەندامانی دەستەكە، لە دانیشتنی ئەمڕۆیاندا بە كۆی دەنگ بڕیاریاندا بە قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەكەی یوسف قەرزاوی، كە بە بەیاننامەیەك لە سەر تۆڕی كۆمەڵایەتی لە فەیسبوك بڵاویكردەوە.

بەپێی هەواڵێكی سایتی یاهوو، بەیاننامەكە وشەی نەشیاوی تێدابووە دژ بە ئەزهەر، پێیشیوابووە ئەوەی لە میسر روویداوە شۆڕش نەبووە.

یوسف قەرزاوی، كە ئێستادا لە قەتەر نیشتەجێیە‌و رەگەزنامەی ئەو وڵاتەشی بەدەستهێناوە، چەندین لێدوانی پاڵپشتی بۆ ئیخوان موسلمێن داوە، ئەوەش وایكرد ژمارەیەك لە پارێزەرانی میسری داوا بكەن رێگەی پێنەدرێت بگەڕێتەوە بۆ وڵاتی دایك، كە میسرە.





خەندان
Top