سەركردەیەكی حزبوڵڵای لوبنانی لە بەیروت كوژرا

 سەركردەیەكی حزبوڵڵای لوبنانی لە بەیروت كوژرا
حزبوڵڵای لوبنانی لە بەیاننامەیەكدا كوشتنی سەركردەیەكی خۆی لە شاری بەیرووت راگەیاندو هەر یەك لە ئیسرائیل و سعوودیاش بە پلانی كوشتنی ئەو سەركردەیە تۆمەتبار دەكات.

حزبوڵڵا لە بەیاننامەیەكدا روونی كردووەتەوە، كە حەسەن لەقیس كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی ناو حزبوڵڵا لە بەردەم ماڵەكەی خۆی لە شاری بەیرووتی پایتەختی لوبنان كوژراو هەر لە بەیاننامەكە حزبوڵڵا هەر یەك لە ئیسرائیل و سعوودیا بە بەرپرسیار زانی لە كوشتنی ئەو سەركردەیە.

لەلایەكی دیكەوە بە هۆكاری پێكهەڵپژان و شەڕوپێكدادانی نێوان لایەنگران و نەیارانی بەشار ئەسەد لە لوبنان حكومەتی ئەو وڵاتە بڕیاریدا بۆ ماوەی شەش مانگ شاری تەرابلوس لە ژێر دەسەڵاتی سوپادا بێت .

شەڕ و تێكهەڵچوونی لایەنگرانی رژێم و لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا سێ رۆژە لە شاری تەرابلوس لە باكووری لوبنان هاتۆتە ئاراوە و حكومەتی لوبنان بۆ كۆنترۆڵكردنی بارودۆخی شارەكە، بڕیاریدا بۆ ماوەی شەش مانگ كۆنترۆڵی ئەو شارە بسپێردرێ بە سوپا كە لە كۆبوونەوەی ئەمنی ئەنجومەنی وەزیرانی لوبنان ئەم بڕیارە درا .

بە پێی دەستووری لوبنان، سوپا بۆی هەیە هەموو پۆستە ئەمنییەكان بگرێتە دەستی خۆی. ماوەی سێ رۆژە لە شاری تەرابلوس بە هۆی شەڕی نێوان لایەنگرانی بەشار ئەسەد و لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن شەڕ دەستیپێكردووە و یازدە كەس كوژران و حەفتا و دووی دیكەش بریندار بوون.
Top