لیژنه‌ی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری میسر ده‌نگ له‌سه‌ر ده‌ستوره‌ نوێیه‌كه‌ ده‌دات

لیژنه‌ی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری میسر ده‌نگ له‌سه‌ر ده‌ستوره‌ نوێیه‌كه‌ ده‌دات
ئه‌ندامانی لیژنه‌ په‌نجا كه‌سیه‌كه‌ی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور له‌میسر، به‌بێ ئاماده‌بوونی ئیخوان موسلمین، ئێواره‌ی ئةمشةو، ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر ره‌شنووسی كۆتایی ده‌ستوری وڵاته‌كه‌یان و بڕیاره‌دواتر ره‌شنووسه‌كه‌ش بخرێته‌ به‌رده‌م رای گشتیی.

مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم له‌سه‌ر ره‌شنووسی ده‌ستوری نوێی میسر، به‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی سه‌ره‌كی هه‌ژمار ده‌كرێت بۆ كاركردن به‌ئاراسته‌ی نه‌خشه‌ڕێگای وڵات، دوای لابردنی محه‌مه‌د مورسی له‌پۆستی سه‌رۆكایه‌تی میسر.

دوابه‌دوای راپرسیی له‌سه‌ر ره‌شنووسی ده‌ستوره‌ نوێیه‌كه‌، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی میسر بۆ جارێكی دیكه‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش مانگی شه‌شی ساڵی داهاتوو ده‌ستنیشان كراوه‌.

لیژنه‌ په‌نجا كه‌سیه‌كه‌ی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری نوێی میسر، پێكهاتووه‌ له‌په‌نجا كه‌سایه‌تی له‌ده‌زگا و ناوه‌نده‌ جۆراوجۆره‌ حكومی و مه‌ده‌نیه‌كانی میسر و كه‌سایه‌تی ئاینیی و سیاسیی، ئه‌ركی ئه‌م لیژنه‌یه‌ تاوتوێكردنی ره‌شنووسی ده‌ستوره‌، هاوكات لیژنه‌كه‌ هیچ كام له‌ئه‌ندامانی ئیخوان موسلمینی تێدا به‌شدار پێنه‌كراوه‌، دوو كه‌سایه‌تی ئیسلامییشی تێدایه‌ كه‌سه‌ر به‌ئیخوان موسلمین نین.

ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو مانگه‌، لیژنه‌ی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری میسر كارده‌كات له‌پێناو داڕشتنه‌وه‌ی ره‌شنووسی ده‌ستوره‌كه‌و بڕیاریشه‌ له‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆوه‌ تا سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌، مه‌سه‌له‌ی ده‌نگدان له‌سه‌ر ره‌شنووسی ده‌ستوره‌كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.





خه‌ندان
Top