ئەڵمانیا زۆربوونی رێژەی لە سێدارەدانی لە ئێران ئیدانەكرد

 ئەڵمانیا زۆربوونی رێژەی لە سێدارەدانی لە ئێران ئیدانەكرد
بەرپرسی نووسینگەی چاودێری مافەكانی مرۆڤی حكوومەتی ئەڵمانیا رەخنەی لە رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران گرت و بەپێی بەیاننامەی نووسینگەكەش لە كاتی وەرگرتنی دەسەلات لەلایەن حەسەن رۆحانییەوە و تا ئێستا لە ئێران 200 كەس لەسێدارە دراون.

ماركۆس لونینگ بەرپرسی نووسینگەی چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە حكوومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند كە سیاسەتی ئێران لە چوارچێوەی بەڵێنەكانی حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئەو وڵاتە پێچەوانەیە. بە وتەی ناوبراو ژمارەی ئەو كەسانەی لە ساڵی رابردوو لە ئێران لە سێدارە دراون 400 كەس بووە. هەروەها راشیگەیاند كە لە گرتوخانەكانی ئێران دا دوور لە یاسا و مافەكانی مرۆڤ و بەها مرۆییەكان زیندانی سزا دەدرێن.

بەرپرسی نووسینگەی مافەكانی مرۆڤ لە حكوومەتی ئەڵمانیا وێڕای ئیدانەكردنی سزای لەسێدارەدان لەلایەن حكوومەتی ئێرانەوە گوتیشی؛ بەداخەوە لە كاتی هاتنە سەر دەسەڵاتی حەسەن رۆحانی تا ئێستا 200 كەس لە سێدارە دراون.

لەلایەن خۆشییەوە رێكخراوی نێودەوڵەتی مافەكانی مرۆڤ داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران كردەوە كە سزای لە سێدارەدان رابگرێت و پابەندی یاسا و رێساكانی نێودەوڵەتی بێت.
Top