ئەمریکا پشتیوانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا ناکات
جێن ساکی، لە کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا لەبارەی پرسی هەنارەدەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و ناڕەزاییەکانی بەغداوە دوا و رایگەیاند \""هەڵوێستی ئەمریکا لەبەرامبەر راکێشانی بۆڕی نەوتی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا نەگۆڕاوە\"".
جێن ساکی ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر حکومەتی فیدراڵی عێڕاق رەزامەند نەبێ لەسەر هەنارەدەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، ئەوا ئەمریکا پشتیوانی لەو هەناردەکردنە ناکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی پەیوەندی نێوان بەغدا و هەوڵێر خستەڕوو و گوتی \""داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێڕاق و هەرێمی کوردستان دەکەین کێشەکانیان لەرێگەی دەستوورە چارەسەر بکەن\"".
ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا لە کاتێکدایە كە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 26/11/2013 سەردانی ئەنكەرەی کرد بۆ واژۆکردنی گرێبەستی نەوت و غاز، بەڵام دوێنێ چوارشەممە لە كۆبوونەوەیەكی سێ كاژێریدا لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان كە بڕیار بوو گرێبەستی هەناردەكردنی نەوت و غازی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا واژوو بكەن، بەپێی میدیاكانی توركیا بەهۆی ناڕەزایی بەغدا، واژۆكردنی گرێبەستەكە بۆ مانگی داهاتوو دواخراوە.
رووداو"