رەشید غەنووشی: دەبێ زمانی كوردی ببێتە زمانی رە سمی لە توركیا
رەشید غەنووشی لە سەرەتای دێمانەكەیدا رایگەیاندووە كە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاكەپەدا گۆڕانكاری زۆر لە توركیا كراون و توركیا پێشكەوتنی زۆر بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە.
غەنووشی جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە دەسەڵاتی ئاكەپە بۆ باشتر كردنی رەوشی توركیا و بەرەو پێشەوە بردنی توركیا دەستی بە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی ئاشتەوایی و ئاسایی كردنەوە كردووە و ئەمانە هەموویان هەنگاوی زۆر گرنگن بۆیە ناكرێ بە نیوەچڵی بمێننەوە.
رەشید غەنووشی لە بەشێكی دیكەی دێمانەكەدا گوتوویەتی\" ئەگەر دەسەڵاتی ئاكەپە دەیەوێ قۆناغی چارەسەری بگاتە ئەنجام و توركیا ببێتە وڵاتێكی كاریگەری ناوچەكە ئەوا دەبێ توركیا دان بە مافی كورددا بنێ، چونكە كورد تاقە نەتەوەی یەتیمی ( بێ كەسی) ئیسلامە و ناكرێ لە ژێر ناوی یەكێتی و برایەتی ئیسلامیدا مافی كورد پێشەل بكرێ.
ناوبراو لە كۆتایی دێمانەكەیدا داوای كردووە كە زمانی كوردی لە توركیا وەكو زمانی رەسمی دانی پێدا بنرێ و مافی كورد لە لایەن دەستووری توركیاوە گەرەنتی بكرێن چونكە ئەگەر ئەو هەنگاوانە نەنرێن ئەوا قۆناغی چارەسەریش بە ئاسانی ناگاتە ئەنجامی خوازراو."