ئەمڕۆ پەرلەمان لە سەر هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاسەوانی گوند گفتوگۆ دەكات

 ئەمڕۆ پەرلەمان لە سەر هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاسەوانی گوند گفتوگۆ دەكات
هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، گفتوگۆكان لە بارەی بەردەوام كردن یا هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاسەوانی گوندەكانیش دەستیان پێكرد و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی توركیا لە كۆبوونەوەی خۆیدا گفتوگۆ لە سەر هەڵوەشاندنەوە یا بەردەوامی ئەو سیستەمه‌بكات.

لەمباریەوە رۆژنامەی ئاگۆس بڵاویكردەوە كە جێگری سەرۆكی پارتی كۆماری گەل ( جەهەپە) سەزگین تانریكوڵو پرۆژە یاسایەكی لە بارەی سیستەمی پاسەوانی گوند ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیا كردووە و داوای لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیا كردووە كە لە دانیشتنی رۆژی سێشەممەی پەرلەماندا گفتوگۆ لە سەر ئەو پرۆژە یاسایە بكرێت.

لەو پرۆژە یاسایەدا جێگری سەرۆكی جەهەپە داوای كردووە كە سیستەمی پاسەوانی گوند بە گشتی هەڵبوەشێندرێتەوە و پاسەوانەكانی گوندیش لە كەرتەكانی دیكەدا تەعین بكرێن.

ئەگەر پەرلەمانی توركیا ئەو پرۆژە یاسایە قەبوڵ بكات ئەوا ئەو سیستەمە هەڵدەوەشێندرێتەوە و پاسەوانەكانیش چەكەكانیان دادەنێن و لە كەرتەكانی دیكەدا تەعین دەكرێن.

جێگری سەرۆكی جەهەپە لە بەشی پێشەكی ئەو پرۆژە یاسایەدا ئاماژەی بەوە كردووە كە بۆ سەرخستنی قۆناغی چارەسەری هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاسەوانی گوند هەنگاوێكی زۆر گرنگە.
Top